رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران وەک "کردەیەکی نایاسایی و دەستدرێژیکارانە" سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە سرووشتی "چەتەگەرانەی" واشنتنیان نیشانداوە.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە راگەیێندراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئەو وڵاتە (KCNA) بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە دەکرێنە سەر ئێران "دەستدرێژییەکی نایاسایین و قێزەونترین جۆری پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیین."
پیۆنگیانگ دەڵێ، ئەم کردە سەربازییانە رەفتارە "بێشەرمانە و چەتەگەرانەکانی" ئەو دوو هاوپەیمانە نیشان دەدات کە "هێزی سەربازی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی خۆپەرستانە و ویستی هەژموونخوازیی خۆیان بەکاردەهێنن."
کۆریای باکوور و ئەمریکا مێژوویەکی درێژی پڕ لە نەیارییان هەیە، بەڵام واشنتن لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاستبەرز لەگەڵ پیۆنگیانگ چڕکردووەتەوە، بەو ئومێدەی ئەم ساڵ لووتکەیەک لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور سازبکرێت.
دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئوون بۆ چەندین مانگ ئەو دەسپێشخەرییانەی ئەمریکای پشتگوێ خستبوو، ئەم هەفتەیە رایگەیاند کە هەردوو وڵات دەتوانن "پێکەوە هەڵکەن،" ئەگەر واشنتن دان بە پێگەی ئەتۆمیی کۆریای باکووردا بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ