رووسیا چوار کەسی دیکە بەتۆمەتی هێرشەکەی مۆسکۆ دەستگیر دەکات

01-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی رووسیا رایدەگەیێنن، کە چوار کەسیان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشەکەی مۆسکۆ دەستگیر کردووە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆمەتبارەکان پارە و چەکیان بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دابین کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، دەزگای ئاسایشی فیدرالیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چوار کەسەکە لە باشووری هەرێمی داگستان دەستگیر کراون. 
 
دەزگای ئاسایشی فیدرالیی رووسیا دەشڵێت، "ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە هێرشەکە تێوەگلاون".
 
رۆژی 22-03-2024 چوار چەکدار هێرشێکیان کردە سەر هۆڵی کرۆکەسی تایبەت بە ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ. تەقەی هەڕەمەکی و تەقاندنی نارنجۆک و ئاگربەردانی هۆڵەکە بووە هۆی کوژرانی 144 کەس.
 
تائێستا رووسیا 16 کەسی دەستگیرکردووە کە چواریان هێرشکارەکان بوون.
 
داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە و سەرەتا بەو جۆرە بڵاویکردەوە کە چەکدارەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەیانییەکەی هێزە ئەمنییەکانی رووسیا چوار چەکدارەکە و کۆمەڵێک گومانلێکراوی دیکەیان دەستگیرکرد.
 
لە ڤیدیۆیەکدا یەکێک لە چەکدارەکان بە دەستبەسەرکراوی دەردەکەوێت و دەڵێت، "لە بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشەکەدا پارەمان وەرگرت، بەڵام تەنیا نیوەی پارەکە بوو."
 
دەستەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لەو هێرشە دەڵێت، "نەتەوەپەرستەکانی ئۆکراینا یارمەتییان داون و لە رێگەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە پارەداریان کردوون."
 
لە 23ـی مانگدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "پووتین بیر لەوە دەکاتەوە چۆن هێرشەکە بە ئۆکرایناوە گرێ بدات. هەموو شتێک تەواو پێشبینی کراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە