رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا "بەمزووانە" کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئێران دەهێنن. ترەمپ خشتەیەکی کاتیی دوو بۆ سێ هەفتەیی بۆ کشانەوە دیاریکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، واشنتن هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان، خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ سەرکردایەتیی تاران.
کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیار لە ترەمپ کرا دەربارەی کاریگەریی گرانیی نرخی سووتەمەنی لەگەڵ دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوبات، گوتی: "تەنیا شتێک کە دەبێت بیکەم کشانەوەیە لە ئێران، بەم زووانە ئەوە دەکەین و نرخەکانیش بە خێرایی دادەبەزن." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە خەریکی تەواوکردنی ئەرکەکەمانین، پێموایە لە ماوەی دوو هەفتە، یان چەند رۆژێک زیاتر، کارەکە تەواو دەبێت."
ترەمپ جەختی کردەوە، کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکان بەند نییە بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، کە وەک تۆڵەیەک تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە نەوتییەکاندا داخستووە. ترەمپ گوتی: "پێویست ناکات ئەوان رێککەوتنم لەگەڵدا بکەن. کاتێک هەست بکەین بۆ ماوەیەکی درێژخایەن گەڕێندراونەتەوە بۆ (سەردەمی بەردین) و چیدی ناتوانن چەکی ئەتۆمی دروست بکەن، ئەو کاتە دەڕۆین. بوونی رێککەوتن یان نەبوونی، هیچ جیاوازییەکی نییە."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی تووندی لەو هاوپەیمانانە گرت کە ئامادە نەبوون هێز بنێرن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و گوتی: "ئەگەر فەرەنسا یان هەر وڵاتێکی دیکە نەوت و گازیان دەوێت، با خۆیان بچنە ناو تەنگەی هورمز و پارێزگاری لە خۆیان بکەن."
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ دا نووسی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدیکە هاوکاریتان ناکات، وەک چۆن ئێوەش هاوکاری ئێمەتان نەکرد. ئێران تەخت بووە و بەشە قورسەکەی جەنگ تەواو بووە. بڕۆن نەوتی خۆتان دەستبخەن."
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پشتگیریی پەیامەکەی ترەمپی کرد و رایگەیاند، رۆژانی داهاتووی جەنگ "یەکلاکەرەوە" دەبن. هێگسەس ئاشکرای کرد، رۆژی شەممە سەردانێکی رانەگێەندراوی بۆ بنکەکانی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) کردووە تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی سەربازەکان بێت، بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی ناوی بنکەکانی ئاشکرا نەکرد.
وەزیری بەرگری گوتیشی: "ئەمە تەنیا کێشەی ئێمە نییە لەمەودوا، سەرەڕای ئەوەی ئێمە پشکی شێرمان بەرکەوتووە لە ئامادەکارییەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی تەنگەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە." هێگسەس رەتی نەکردەوە،کە رەنگە هێزی وشکانیی ئەمریکا لە رۆژانی داهاتوودا رۆڵێکی کاراتر لە ناو ململانێکاندا بگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ