فەرماندەی سێنتکۆم: تاڕادەیەکی زۆر توانای مووشەکی، هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێرانمان تێکشکاندوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، شەشەمین راگەیێندراوی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی "توورەیی داستانئاسا" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشکەوتنی حاشاهەڵنەگریان لە تێکشکاندنی تواناکانی ئێران و پەکخستنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بەدەستهێناوە.
 
رۆژی سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، ئەدمیرال براد کوپەر، کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە و لەگەڵ 50 هەزار سەربازی ئەمریکی قسەی دەکرد، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئێمە ئێستا نابینین هێزی دەریایی ئێران بگەڕێن، نابینین فڕۆکەکانیان بفڕن و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و بەرگریی مووشەکییان تا رادەیەکی زۆر تێکشکێنراون."
 
براد کوپەر ئاماژەی بە باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا کرد و گوتی، هێزەکانیان گەورەترین چەتری بەرگریی ئاسمانیی چالاک لە جیهاندا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەدەبەن، بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هێرشە هەڕەمەکییەکانی مووشەک و درۆنی ئێران. باسی لەوەش کرد، کە هێزە دەریایی، ئاسمانی و زەوینییەکانی ئەمریکا بە هاوئاهەنگی و بە بەکارهێنانی هێزێکی ئاگرینی وێرانکەر، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی تواناکانی تارانن.
 
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد، کە فڕۆکە جەنگی و بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە هێرشی ئاسمانییان بۆ ناو ئێران ئەنجامداوە، هاوکات هێزەکانی مارێنز و سوپا لە وشکانییەوە هێرشی دوورمەودا ئەنجام دەدەن؛ هەروەها ستایشی رۆڵی هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکای کرد و وەک "هۆکارێکی یەکلاکەرەوە" لە دابینکردنی باڵادەستیی ئاسمانی و سەرکەوتنی جەنگەکەدا وەسفی کرد.
 
کوپەر، کە لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە خەڵاتی ئازایەتی بەخشییە ژمارەیەک سەرباز، سوپاسی خێزانی ئەو 50 هەزار سەربازە ئەمریکییەی کرد، کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون و گوتی: "هیچ ئەرکێک بۆ سەربازانی ئێمە ئەستەم نییە. من شانازییەکی زۆر بەو پیشەگەری و دڵسۆزییە رەهایە دەکەم، کە لە مەیدانی جەنگدا نیشانی دەدەن."
 
ئەو گوتانەی فەرماندەی سێنتکۆم لە کاتێکدان رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو. لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ بۆ هاوپەیمانەکانی: چیدیکە یارمەتیتان نادەین؛ بڕۆن خۆتان هورمز بکەنەوە و نەوتەکەتان ببەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی رەخنە لەو وڵاتانە دەگرێ کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە کێشەی سووتەمەنییان بۆ دروست بووە و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا چیدیکە یارمەتییان نادات و دەبێت خۆیان فێری شەڕکردن بن و خۆیان بچن نەوت ببەن