ترەمپ لە مانگێکدا 12 جار گوتوویەتی بەم نزیکانە شەڕ کۆتایی دێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە دیسان ئاماژەی بۆ ئەوە کردەوە کە وادەی کۆتاییهاتنی شەڕ لە دژی ئێران نزیکە، بەڵام قسەکانی لەوبارەوە هێندە چەندبارەن کە هەندێ میدیای رۆژئاوایی وەکو نوکتە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن نەک وەکو هەواڵێکی جددی.
 
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی 12 لێدوانی ترەمپی لەبارەی نزیکبوونەوەی وادەی راگرتنی شەڕ لە ماوەی ئەم مانگەدا بەبیر هێناوەتەوە کە پێدەچێ سەرۆکی ئەمریکا زۆرتر مەبەستی راگرتنی بازاڕی وزە یان قایلکردنی رای گشتیی نێوخۆی وڵاتەکەی بووبێت بەوەی کە ئەم جەنگە ماوەکەی سنووردارە و ناگۆڕێ بۆ جەنگێکی درێژخایەن.
 
جەنگ لە دژی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی پێنجەمی، واتا ئەو خشتەی زەمەنییەی تێپەڕاندووە کە ترەمپ لە سەرەتای جەنگەکەدا باسی چوار بۆ پێنج هەفتەی دەکرد، بەڵام هێشتا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێ و هیچ ئاماژەیەکیش بەدی ناکرێ کە جەنگ لە رۆژەکانی کۆتایی نزیک بووبێتەوە.
 
دوایین قسەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی شەڕ لە 30 ئاداری رابردوودا بوو کە بە پۆستێک لەسەر تۆڕی تروس سۆشیال باسی گفتوگۆی بەرهەمداری لەگەڵ لایەنی ئێرانی کرد و هاوکات هەڕەشەیەکی تووندیشی لە ئێران کرد کە هەموو ژێرخانی وزە و ئاوی خواردنەوە و کارەبای وڵاتەکە وێران دەکات ئەگەر بە خێرایی نەگەنە رێککەوتنێک لەبارەی کردنەوەی تەنگەی هورمز و راگرتنی جەنگ.
 
ترەمپ پێش ئەوە، لە 26ی ئاداری رابردوودا دۆڕانی ئێرانی راگەیاندبوو. ترەمپ ئەوکاتە گوتی کە ئێرانییەکان "دۆڕاون و چیدی ناتوانن هەستنەوە". دوو رۆژ پێش ئەوەش لە 24ی ئاداردا گوتی کە جەنگ بە کردەوە کۆتایی هاتووە و گۆڕانێک لەنێو رژێمی ئێراندا دەبینین.
 
رۆژی 23ی ئادار جارێکی دیکە لە تروس سۆشیالەوە پۆستێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتنی ئاشتی. ترەمپ گوتی کە گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار لەنێوان هەردوولا هەبووە کەچی دێڕێک خوارتر نووسیبووی "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، بێ راوەستان بەردەوام دەبین لە بۆردومان".
 
رۆژی 13ی ئاداریش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فۆکس نیوز کاتێک پرسیاری وادەی کۆتایی جەنگی لێکرا، گوتی "جەنگەکە ئەوکاتە کۆتایی دێت کە لە ناخی خۆمدا هەستی پێبکەم"، بەڵام گوتیشی کە وای مەزەندە ناکات زۆر درێژە بکێشێ.
 
رۆژێک پێش ئەوە و لە 12ی ئاداردا کە هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ جەنگەکە دەخستەڕوو، دۆناڵد ترەمپ گوتی کە جەنگەکە وا خەریکە کۆتایی دێت. ئەوکاتە روونیکردەوە کە "ئەوە بەو مانایە نییە دەستبەجێ تەواوی دەکەین.. مەسەلەکە تەنیا مەسەلەی کاتە". یەک رۆژ پێش ئەوەش هەر بە ئەکسیۆسی راگەیاندبوو کە جەنگ لە دژی ئێران "لەو نزیکانە کۆتایی دێت"، چونکە وەکو ئەو گوتبووی "بە کردەوە هیچ شتێک نەماوە بەئامانج نەگیرابێت". هەر ئەوکاتە گوتبووی "هەرکاتێک بمەوێ کۆتایی دێت".
 
سەرۆکی ئەمریکا هەر هەمان رۆژ (11ی ئادار)، لەبەردەم جەماوەرێکدا گوتی: "حەزناکەین هەر لە ئێستاوە بڵێین کە جەنگەکەمان بردووەتەوە، بەڵێ بردمانەوە، هەر لە کاژێری یەکەمدا کۆتایی هات". بەڵام هەر چەند خولەکێک پاش ئەوە گوتی: "جارێ نابێ لەوێ بکشێینەوە، دەبێ کارەکە تەواو بکەین، وا نییە؟".
 
رۆژی 9ی ئاداریش لە گوتارێکدا باسی ئەوەی کرد کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و گوتی "ئێمە بە کردەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا وەکو پێویست نییە، بۆیە بەردەوام دەبین هەتا بەدیهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی کە بە یەکجاری ئەم هەڕەشە درێژمەودایە لەناو دەبەین". 
 
هەر هەمان رۆژ رایگەیاند کە جەنگ لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کۆتایی دێت و گوتی "ئێران بە تەواوی لەبەین چووە، هەر ئێستا دەتوانین وای دابنێین کە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە".
دۆناڵد ترەمپ هەر چەند رۆژێکی کەم پاش بەرپابوونی جەنگەکە، وا باسی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی کرد کە بە تەواوی سەرکەوتوو بووە. ترەمپ رۆژی 2ی ئادار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی گوتی: "جگە لە من کەس نەیدەتوانی ئەوە بکات، خۆتان باش دەزانن".
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپاش ئەو هێرشەوە کە رۆژی 28ی شوباتی رابردوو کرایە سەر تاران و تێیدا عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی لەناوچوون، لە کاردانەوەی ئەوەدا ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەی کردە ئامانجی مووشەک و درۆن بە پاساوی ئەوەی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان تێدایە. ئەو پشێوییە سەرەتا جووڵەی فڕۆکەوانی لەناوچەکە پەکخست و پاشان چالاکی و جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو کە بووەتە هۆی شڵەژاندنی بازاڕی جیهانیی وزە بەوپێیەی 20٪ی وزەی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێ.
لێدوانەکانی ترەمپ لەو چوارچێوەیەدا وا لێکدەدرێتەوە کە هەوڵێکە بۆ رێگری لەو پشێوییە لەکاتێکدا ستراتیژی ئێران لەسەر ئەوە دامەزراوە رووبەر و قەبارەی ئەو پشێوییە بەجۆرێک بەرفراوان بێت، جیهان لە دژی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بجووڵێنێ.    
      
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا. وێنە: AFP

وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی ناردنی هێزی زەوینی بۆ ئێران: هەڵەکانی عێراق و ئەفغانستان دووبارە ناکەینەوە

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و هێزەکانی ئەمریکا لە پێش خشتەی کاتیی پلانەکەیانەوەن. دەشڵێت، هەرچەندە هەموو بژاردەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی زەوینی کراوەن، بەڵام سەرۆکی وڵاتەکەی وانەکانی جەنگی عێراق و ئەفغانستانی بە باشی خوێندووەتەوە و ئەو هەڵانە دووبارە ناکاتەوە.