سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا: بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر مەترسیدارە

دوێنێ کاژێر 11:41
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کرد؛ دەشڵێت بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر مەترسیدارە و پێویستە گرژییەکان کەمبکرێنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد و "داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن، پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان و پێویستی رێزگرتنی تەواوی هەموو لایەنەکان لە یاسا نێودەوڵەتییەکانم کرد". 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدارە".
 
کۆستا گوتیشی، "لەدەستدانی ژیانی بێتاوانەکان، لەوانەش لە قوتابخانەی میناب، جێگەی داخێکی قووڵە. بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، داوام لە ئێران کرد هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی بێتە ناو رێڕۆی دیپلۆماسی، بەتایبەتی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دڵنیابوون لە ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. لە رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، سوپای ئەمریکا تۆمەتبارکرا بەوەی قوتابخانەی مینابی لە ئێران بۆردوومانکردووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 175 مامۆستا و قوتابی. نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتیش داوایان لە ئەمریکا کرد لێکۆڵینەوەی ورد و خێرا لەسەر هۆکاری ئەو هێرشە بکات. 
 
لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمەش بەشێک بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 110 دۆلار. 
 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، "یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە بەشداری لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان، هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییە فراوانەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە دروست بوون."
 
بەشێک لە نیگەرانییەکانی ئێران لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە پێشتریش دووجار دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا کردووە و هەردوو جارەکە هێرشی کراوەتە سەر. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە