فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا لە کریمیا تێکشکا و 29 کەس گیانیان لەدەستدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی وڵاتەکەی لە جۆری (Antonov-26) لە کاتی فڕیندا بەسەر نیمچەدوورگەی کریمیادا تێکشکا و بووە هۆی مردنی 29 کەس.

بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، پەیوەندی بەم فڕۆکە سەربازییەوە لە رۆژی 31ـی ئادار و لە کاژێر 18:00ـی ئێوارە بە کاتی مۆسکۆ پچڕاوە. فڕۆکەکە لە کاتی گەشتێکی ئاسایی رێکخراودا بووە بەسەر ئاسمانی نیمچەدوورگەی کریمیادا.
 
وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کرد، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن توانیویانە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی (An-26) بدۆزنەوە. راپۆرتە مەیدانییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، هەر 29 سەرنشینەکەی ناو فڕۆکەکە، کە پێکهاتبوون لە 6 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی و 23 سەرباز، گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کاتی پشکنینی فڕۆکەکەدا هیچ نیشانەیەکی "پێکان یان هێرشی دەرەکی" بەدی نەکراوە. بۆیە لەم قۆناخەدا، لێکۆڵینەران پێیانوایە کە "کێشەی تەکنیکی" هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بووە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە سوپای رووسیا ئاستی چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەی دەریای رەش و کریمیا بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییە گەورانەی کە جەنگی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستی کردوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە