نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: فیدراڵی یان هەر سیستمێکی دیکە بڕیاری گەلی سووریایە

01-05-2025
سینان تونجدەمیر
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێت لە سووریا دەنگی هەمووان ببیسترێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێت لە سووریا دەنگی هەمووان ببیسترێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بابەتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەم رۆژانەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە جێگەی سەرنج و وەک بابەتێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هێشتا چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز و عەلەوییەکان دیار نییە، بەڵام کورد داوای ئۆتۆنۆمی دەکات.
 
لەبەرامبەر دا ئیدارەی کاتی، کە هێشتا چارەنووسی خۆیشی نازانێت، داواکاری کورد پشتگوێ دەخات. تۆڕی میدیایی رووداو، داواکاریی کوردی وەک پرسیارێک ئاراستەی ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
 
رووداو: سوپاس ستیفان، لە سووریا مشتومڕێکی نوێ هەیە. ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان داوای سیستمێکی فیدراڵی لە سووریا کردووە، بەڵام حکومەتی راگوزەر ئەم داواکارییە پشتگوێ دەخات. دەمەوێت بزانم ئایا سکرتێری گشتی چ کاردانەوەیەکی هەیە بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد و بە پشتگوێخستنی ئەو داواکارییە لەلایەن حکومەتی راگوزەرەوە؟
 
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامدا گوتی: سەیرکە، گرنگە هەموو دەنگەکان لە سووریا ببیسترێن کاتێک بەرپرسانی قۆناخی راگوزەر بەرەو سووریایەکی نوێ، سیستمێکی سیاسیی نوێ هەنگاو دەنێن، بە شێوەیەک کە هەموو گروپە ئایینییەکان، هەموو نەتەوە و ئیتنیکەکان هەست بکەن نوێنەرایەتییان دەکرێت و لە سووریا هەست بە ئاسایش بکەن. پێموایە ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ بەرپرسانی سووریا. پێموایە بەڕێز گیەر پێدەرسن (نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ کاروباری سووریا) ئەمەی بە روونی و ئاشکرا شیکردووەتەوە و بە تایبەتیش جەختی لەسەر دەکاتەوە.
 
رووداو: وەک بەدواداچوونێک، ئایا سکرتێری گشتی پێیوایە فیدراڵیزم بەدیلێکە بۆ داهاتووی سووریا؟
 
ستیفان دوجاریک: سکرتێری گشتیی سیاسەتمەدارێکی سووریایی نییە. کاری ئەو نییە بڕیار بدات. ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتەڕوو، کە بریتییە لە بەشداریی هەمووان و بەرپرسیارێتی، بەڵام وردەکارییەکان بڕیاری گەلی سووریایە.
 
رووداو: پرسیاری کۆتایی. دەزانم ئێوە هەمیشە دەڵێن سووریاییەکان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن، بەڵام پێموایە سکرتێری گشتی بۆچوونێکی هەیە، یان دەبێت هەبێت لەسەر ئەم بابەتانە، چونکە ئەو سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. شرۆڤەی ئەو لەسەر فیدراڵیزم و تێڕوانینی ئەو چییە؟
 
ستیفان دوجاریک: دووبارە دەیڵێمەوە، بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، لە گەنجیدا، زۆر چالاک بووە لە پرۆسەی گواستنەوەی وڵاتەکەی (پۆرتوگال) لە دیکتاتۆرییەتەوە بەرەو دیموکراسی. پێموایە بۆ ئەو، گرنگە هەموو دەنگەکان ببیسترێن.
 
ڤاسیلی نیبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەبارەی دۆخی سووریاوە گوتی: باشترین چارەسەر بۆ سووریا، سووریایەکی یەکگرتووە، بە هاووڵاتیبوونی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی، بەبێ گوێدانە ئایین، نەتەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە. ئێمە باسی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین.
 
رووداو: ئایا نا ناوەندێتیی (لامەرکەرزی) یان سیستەمی فیدراڵی دژی یەکپارچەیی خاکی سووریایە؟
 
ڤاسیلی نیبێنزیا: سەیرکە، لە ئەستۆی من نییە بڕیار بدەم سووریا چۆن خۆی رێکدەخاتەوە. وڵات هەن ئۆتۆنۆمییان تێدایە، وڵاتی ناوەندیش هەن، ئەمە شتێکە دەبێت سووریاییەکان خۆیان بڕیاری لێبدەن.
 
رووداو: بەڕای ئێوە، پێویستە رۆژئاوا و دیمەشق بتوانن لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بکەن؟
 
ڤاسیلی نیبێنزیا: پێموایە دەبێت ئەوان لەسەر هەموو ئەو کێشانەی لە بەردەمیانە گفتوگۆ بکەن. زۆر سوپاس.
 
لە لایەکی دیکەوە،کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سووریا بەردەاوامن و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن ئیدارەی کاتیی سووریا گوێ لە پێکهاتەکان بگرێت، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان سووریا وەک مۆزایکێک دەبینێت و پێویستە دەنگی هەمووان ببیسترێت.
 
لە هەمان کاتدا، ئەوەی ئایا سووریا دەبێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی یان هەر شێوازێکی دیکە، دەبێت ئەم بڕیارەش دوای گفتوگۆی نێوان سووریاییەکان خۆیان بدرێت. واتە شێوازی دەوڵەتدارێتی تەنیا بەند نییە بە ئیدارەی کاتییەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.