رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان چاوەڕێ دەکەن لە "داهاتووەکی نزیکدا" گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بکەن، دوای ئەوەی کە عومان و تاران رایانگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیاربووە شەممەی داهاتوو لە رۆما بکرێت، دواخراوە.
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن راگەیاند: "بەشداریکردنی ئەمریکا لە چوارەم گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ئێراندا هەرگیز پشتڕاست نەکرابووەوە."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، دیارکردنی وادە و شوێنی گفتوگۆکان ئەگەرێکی "ناجێگیرە"، بەڵام گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لە داهاتووەکی نزیکدا بکرێت."
هەروەها لە بارەی دۆخی سووریا و توندوتیژییەکانی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا و چەکدارانی درووز، تامی برووس بە رووداوی گوت: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو ناوچەیە دەکەین. ئێمە ئاگاداری ئەو دۆخەین، لە نێویاندا توندوتیژیی ئەم دواییەی دژی خەڵکی دروز."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت: "ئێمە داوا لە حکومەتی کاتی دەکەین، ئەوانەی توندوتیژیان کردووە و زیانیان بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە و ئاسایشی هەموو سوورییەکان گەرەنتی بکەن."
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:
رووداو: زۆر سوپاس تامی. با لە ئێرانەوە دەستپێبکەین. ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند کە چوارەم گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان دواخراوە. ئایا دەتوانی پشتڕاستی بکەیەوە کە ئایا دواخراوە یان هەڵوەشێنراوەتەوە؟ پرسیاری دووەمم، ئایا هیچ کاردانەوەیەکتان هەیە لە بەرامبەر توندوتیژیی تائیفی لە دژی دروزەکانی سووریا کە دوو رۆژە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە نزیک دیمەشق بووەتە هۆی کورژانی زیاتر لە 100 کەس؟
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەتوانم لەسەر هەردووک پرسیارەکە قسە بکەم. ئەوەی دەتوانم لە بارەی ئێرانەوە بڵێم، ئەمەیە: بەشداریکردنی ئەمریکا لە چوارەم گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ئێراندا هەرگیز پشتڕاست نەکرابووەوە، کە خەڵک بڕوای وابوو رۆژی شەممە لە رۆما دەکرێن. وێڕای ئەوەی هەندێ هەواڵ لەو بارەیەوە هەبوون، کات و شوێنی هێشتا پشتڕاست نەکرابوونەوە. دەتوانم بڵێم ئەمە دۆخێکی ناجێگیرە، رەنگە هەندێ شتم بە ئێوە گوتبێت کە روون نین، بەڵام چاوەڕێ دەکەین گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لە داهاتووەکی نزیکدا بکرێت. ئەمە ئەو زانیارییانەیە کە دەتوانم پێتانی بڵێم. هەروەها وەک خۆتان دەزانن، لە داهاتوودا کە گفتوگۆ کران، وردەکارییەکانتان پێدەڵێین. لە بارە دۆخی سووریاش، وەک هەمیشە، ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو ناوچەیە دەکەین. ئێمە ئاگاداری ئەو دۆخەین، لە نێویاندا توندوتیژیی ئەم دواییەی دژی خەڵکی درووز. بێگومان ئێمە چاودێریی ئەوە دەکەین. ئێمە داوا لە حکومەتی کاتی دەکەین، ئەوانەی توندوتیژیان کردووە و زیانیان بە خەڵکی سڤیل گەیاندووە، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە و ئاسایشی هەموو سوورییەکان گەرەنتی بکەن، تاک بە تاکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ