رووداو دیجیتاڵ
سعودیە سزای تووندی هەر کەسێک دەدات کە بێ مۆڵەت حەج دەکات و ئەمڕۆ بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشمانییان دەکات خۆیان لە حەجی بۆ مۆڵەت دوور بگرن.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ئێوارەی دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی (حەج بەبێ مۆڵەت نییە)، "سزایەک کە دەگاتە 10 هەزار ریاڵ (زیاتر لە دوو هەزار و 600 دۆلار) دەسەپێنرێت بەسەر هەر کەسێکدا، کە دەستگیر بکرێت لەکاتی کردن، یان هەوڵدان بۆ کردنی حەج بەبێ مۆڵەت، ئەمەش لە ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایارەوە دەکەوێتەبواری بواری جێبەجێکردنەوە.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەرپرس نییە لە لێکەوتەکانی ئەو جۆرە حەجە." داواشی لە هاونیشتمانیان کرد، خۆیان لەو جۆرە حەج بە دوور بگرن، ژیانی خۆیان و زیارەتکارانی دیکە نەخەنە مەترسییەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، سەرپێچییەکە "هەڵگرانی ڤیزای گەشتیاری بە هەموو جۆرەکانیەوە، یان هەر کەسێک کە هەوڵ بدات بچێتە ناو شاری مەککە و شوێنە پیرۆزەکان یان تێیاندا بمێنێتەوە لەناو ئەم سنوورە جوگرافییەدا: شاری مەککە، دەروازە فەرمی و نافەرمییەکانی، ناوچەی ناوەندی، شوێنە پیرۆزەکان (مینا، عەرەفات، موزەلیفە)، وێستگەی شەمەندەفەری حەرەمەین لە روسەیفە، لەگەڵ بنکەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی کاتی، بنکەکانی جیاکردنەوە و بنکەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی" دەگرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند: "ئەو کەسانەی بە قاچاخ دەیانەوێت حەج بکەن، جا چ نیشتەجێ بن یان ئەوانەی ماوەی مانەوەیان تەواو بووە و لە وڵات ماونەتەوە، دیپۆرت دەکرێنەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ رێگرییان لێدەکرێت لە چوونە ناو شانشینی سعودیە."
رۆژی 16ـی ئەم مانگە زیارەتکارانی رێوڕەسمی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون. رۆژی 19ـی هەمان مانگ، یەکەم کاروانی حاجیان بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بەرێ دەکەون، تاوەکو 28ـی مانگ گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ