ژاپۆن 25 ملیار دۆلار بۆ هاندانی منداڵبوون و هاوسەرگیریکردن تەرخاندەکات

01-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ژاپۆن پلانێکی راگەیاند کە پێکهاتووە لە تەرخانکردنی 25 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی گەنجان بۆ ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکبهێنن و منداڵ بخەنەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ژاپۆن بە دەست کەمیی ژمارەی لەدایکبوونەوە دەناڵێنێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023، فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، "یاسایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمبوونەوەی لەدایکبوون بە رێژەیەکی بەرچاو" دەردەکەن و هەنگاوی نوێش بۆ زیادکردنی هاوسەرگیری لە نێو گەنجاندا دەنێن. 
 
فومیۆ کیشیدا لە باسی یاسا نوێیەکەیدا دەڵێت، هاوکاریی دارایی راستەوخۆی ئەو دایک و باوکانە دەکەن کە منداڵیان هەیە تاوەکو لە پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵەکانیان یارمەتییان بدات. هەروەها هەوڵدەدەن ژیان و گوزەرانیان باشتربکەن.
 
زۆر وڵات هەن لە جیهاندا کێشەی کەمی لەدایکبوونیان هەیە، بەڵام کێشەکە لە ژاپۆن لەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێک لە 2020دا رێژەی لەدایکبوون 1.25 منداڵبووە بۆ هەر دایکێک. ئەو رێژەیەش بەراورد بە ساڵی 1960، کە رێژەی لەدایکبوون 2 بووە بۆ هەر دایکێک، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. 
 
لەدوای مۆناکۆوە، ژاپۆن گەورەترین رێژەی هاووڵاتیی بەتەمەنی تێدایە. هەروەها یاسایەکی توندی کۆچبەریش پەیڕەودەکات کە وایکردووە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیادنەکات.
 
کەمیی رێژەی لەدایکبوون لە ژاپۆن لەکاتێکدایە، داهاتی ساڵانەی تاک لە 2022دا لەو وڵاتە 33 هەزار و 821 دۆلار بووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە سەروو 40 هەزار دۆلار.
 
ژمارەی دانیشتووان لە ژاپۆن 125 ملیۆن کەسە و لە 2022دا تەنیا 800 هەزار منداڵ لەدایکبوون. بودجەی پێویستیش بۆ خزمەتگوزاریی هاووڵاتی بەتەمەن گەیشتووەتە ئاستێک کە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی وڵاتەکە.
 
بە گوێرەی فۆمیۆ کیشیدا ئەو بڕە پارەیە لە سێ ساڵدا خەرجدەکرێت. ئەوە لەکاتێکدایە، داهاتی نێوخۆی ساڵانەی ژاپۆن دەگاتە 4 ترلیۆن و 941 ملیار دۆلار.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردەکە 19ـی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە

بۆردی ئاشتیی ترەمپ بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کۆدەبێتەوە

بڕیارە رۆژی 19ی ئەم مانگە، "بۆردی ئاشتی" بۆ چارەسەری پرسی غەززە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات. کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، ئەوەش دوای بانگێشتنامەیەکی فەرمیی کۆشکی سپی بۆ 26 وڵاتی جیهان.