ویتکۆف: وەڵامی حەماس بۆ پێشنیازی ئاگربەست مایەی قبووڵکردن نییە

01-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند، وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازی ئاگربەستی غەززە کە لەلایەن ئەمریکاوە خرابووەڕوو، پێشکێش کردووە، بەڵام نێردەی ئەمریکا رەخنە لە وەڵامەکەی حەماس دەگرێت و بە "تەواو قبووڵنەکراو" ناوی دەبات.
 
حەماس رایگەیاند، پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای پەسند کردووە.
 
سەرچاوەیەک لە حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، وەڵامی بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئەرێنی بووە، هاوکات جەختی لە پێویستیی ئاگربەستێکی هەمیشەیی کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە خاڵێکی ناکۆکی بووە بۆ ئیسرائیل.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هاوشێوەی هەڵسەنگاندنەکەی ویتکۆف رایگەیاند، وەڵامەکەی حەماس "قبووڵنەکراوە." 
 
نەتەنیاهوو حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی هەموو ئاگربەستێک رەتدەکاتەوە. 
 
ئیسرائیل رۆژی هەینی هۆشداری دایە حەماس کە یان رێککەوتنەکە قبووڵ بکات و ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لە غەززە دەستبەسەرن "یانیش لەنێودەبردرێت".
 
حەماس رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "وەڵامی خۆی پێشکێشی لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە."
 
حەماس هەروەها رایگەیاند: "وەک بەشێک لەو رێککەوتنە، 10 دیلی زیندووی داگیرکەر کە لای موقاوەمە دەستبەسەرن ئازاد دەکرێن، لەگەڵ گەڕاندنەوەی 18 تەرم، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک دیلی فەلەستینی."
 
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە رایگەیاند، "وەڵامێکی ئەرێنی"یان پێشکێش بە ویتکۆف کردووە، "بەڵام بە جەختکردنەوە لەسەر مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل" لە کەرتی غەززە.
 
ویتکۆف دواتر رایگەیاند، وەڵامەکە "تەواو قبووڵنەکراوە و تەنیا بەرەو دواوە دەمانبات" و داوای لە حەماس کرد "چوارچێوەی پێشنیازکراومان قبووڵ بکەن."
 
ویتکۆف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "ئەوە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر ئاگربەستی 60 رۆژە بگەینە رێککەوتن کە تێیدا نیوەی بارمتە زیندووەکان و نیوەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دەگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان و تێیدا دەتوانین بە نیازپاکییەوە دانوستاندنی گرنگ بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکەین."
 
حەماس ماوەیەکی زۆرە پێداگری دەکات کە هەر رێککەوتنێک، پێویستە ببێتەهۆی کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگەکە، بەڵام ئیسرائیل لەو ئەگەرە دوودڵە و پێداگری لەسەر لەنێوبردنی حەماس دەکات. 
 
بەم دواییانە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە فراوانکردووە.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کاتێکدا ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر چوارچێوە نوێکراوەکەی ویتکۆف دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان، حەماس بەردەوامە لە دەستگرتن بە رەتکردنەوەکانی" و گوتیشی، وەڵامی حەماس "قبووڵنەکراوە و پرۆسەکە دوا دەخات. ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان بۆ وڵات و بەزاندنی حەماس."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا