رووداو دیجیتاڵ
دوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لە ریزبەندی باشترین شارەکانی جیهان لە رووی ئاستەکانی چۆنایەتیی ژیان پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە و 22 پلە چووەتە دواوە.
گۆڤاری (The Economist) لە راپۆرتێکدا کە ئەم هەفتەیە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە دوای رووداوەکانی سووتاندنی قورئان و کێشە و لێکەوتەکانییەوە، شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، لەرووی چۆنایەتیی ژیانەوە 22 پلە پاشەکشێی کردووە، لە پلەی 21ـەوە دابەزیوە بۆ پلەی 43.
گۆڤارەکە باسی ئەو پشێوییانەی کردووە، کە بەهاری ساڵی رابردوو لە سوێد بەهۆی سووتاندنی قورئان روویاندا، کاریگەریی لەسەر پاشەکشێی سوێد کردووە، ئەو رووداوەی گرووپێکی راستڕەوی تووندڕەو ئەنجامیاندا وایکرد کە سوێد بەپێی سەنتەری توێژینەوە و شیکردنەوەی بەریتانیی ناسراو بە (EIU) لە پێگەکەی خۆی بکشێتەوە کە دووەم گەورەترین پاشەکشێیە لە جیهاندا.
کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک لە ریزبەندی دووەم باشترین شارەکانی جیهان لەدوای ڤییەنای پایتەختی نەمسا دێت، کە هێشتا دەستبەرداری ریزبەندەکەی لە ساڵی رابردوو نەبووە.
ریزبەندی 10 باشترین شارەکانی جیهان لەرووی چۆنایەتیی ژیانەوە بەپێی گۆڤارەکە بریتیین لە:
1- ڤییەنا، نەمسا
2- کۆپنهاگن، دانیمارک
3- مێلبۆرن، ئوسترالیا
4- سیدنی، ئوستورالیا
5- ڤانکۆڤەر، کەنەدا
6- زیوریخ، سویسرا
7- کالگاری، کەنەدا
8- جنێڤ، سویسرا
9- تۆرۆنتۆ، کەنەدا
10- ئۆساکا، کەنەدا
راسموس پالوودان، سەرۆکی پارتی راستڕەوی "سترام کورس"ی دانیمارکی کە بەوە ناسراوە کەسێکی دژە موسڵمان و دژە پەنابەرانە، رۆژی 14-4-2022 چووە ناوچەیەکی شاری لینکۆپینگی سوێد و کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
هەروەها ئەمساڵیش لە رۆژی 28ـی حوزەیران، سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی لە سوێد سێ جار بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز کردووە و لە دوو جاریاندا سووتاندوویەتی، ئەوەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە، دوایین جار دوێنێ دووشەممە، 31-7-2023، بوو کە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند و بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڕیارە لەم مانگەدا سێ جاری دیکە ئەو کارە بکات ئەگەر مۆڵەتی پێبدرێت.

زە ئیکۆنۆمیست گۆڤارێکی هەفتانەیە و بایەخ بە هەواڵ و کاروباری نێودەوڵەتی دەدات، بەتایبەت پرسە ئابوورییەکان و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی هەواڵەکانی ئابووری لە جیهاندا، هەڵسەنگاندن بۆ 173 شاری جیهان دەکات بۆ دیاریکردنی باشترین شارەکانی جیهان بۆ چۆنایەتیی ژیان بۆ ئەمەش پشت بە چەند پێوەرێک دەبەستێت لەوانە: سەقامگیری، چاودێری تەندروستی، کولتوور، ژینگە، فێرکردن و ژێرخان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ