رووداو دیجیتاڵ
دەڵێن پەتاتە بە کاڵی، کوڵاوی، برژاوی و سوورەوەکراوی هەر خۆشە، بەڵام کەم کەس بیریان لەوە کردووەتەوە یەکەم جار پەتاتە چۆن دروستبووە، ئێستا زانست وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە هەیە.
ژمارەیەک زانای ئەمریکی، بەریتانی و چینی لە توێژینەوەیەکی نوێیاندا کە لە گۆڤاری زانستیی سێڵ بڵاویان کردووەتەوە، دەڵێن، نزیكەی 9 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، پەتاتە لە ئەنجامی گۆڕانێکی چاوەڕواننەكراو و تێکەڵبوونی جینەکانی رووەکێکی هاوشێوەی پەتاتە لەگەڵ تەماتەیەكی كێویدا پەرەی سەندووە.
پەتاتە یەكەم جار نزیكەی 10,000 ساڵ لەمەوبەر لە چیاكانی ئەندێز ماڵی كرا، ئێستا بووەتە یەكێك لە بەرهەمە كشتوكاڵییە هەرە گرنگەكانی جیهان، بەڵام لەبەر ئەوەی پاشماوەی رووەكەكان بەباشی لە تۆمارە بەردینەكاندا نەماونەتەوە، مێژووی پەرەسەندنی ئەو بەرهەمە تاڕادەیەكی زۆر بە نهێنی مابووەوە.
ئێستا، بایۆلۆجیستە پەرەسەندنخوازەكان و زانایانی جینەتیک توانیویانە بەدوای سەرچاوەی پەتاتەدا بگەڕێن و بۆیان دەركەوتووە كە بنەچەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رووداوێكی چاوەڕواننەكراو كە ملیۆنەها ساڵ لەمەوبەر بەسەر رووەکی پەتاتەی کێویدا هاتووە.
توێژەران شیکارییان بۆ 450 جیناتی پەتاتەی چێندراو و کێوی کرد و بۆیان دەرکەوت کە باپیرەیەکی تەماتەی کێوی نزیکەی نۆ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ رووەکێکی لە پەتاتەچوو بەناوی ئێتوبێرسۆم پیتاندن لەنێوانیان روویدا. هەردوو جۆرەکە 14 ملیۆن ساڵ پێشتر لە بنەچەیەکی هاوبەش جیابوونەتەوە.
نە تەماتە و نە ئێتوبێرسۆم توانای بەرهەمهێنانی بنکیان نەبووە هاوشێوەی ئەوەی لە پەتاتەدا هەیە و دەخورێت، بەڵام ئەو بەرهەمەی لە پیتاندنەکە دروستبووە ئەو توانایەی هەبوو.
بەهۆی ئەو توانایەوە رووەکە نوێیەکە توانای هەبوو لەژێر خاکدا بمێنێتەوە و خۆی لەگەڵ کەشە ساردەکەی چیاکانی ئەندێزدا لە ئەمریکای باشوور بگونجێنێت. دواتر بە گەرمبوونی زەوی، رووەکەکە زیاتر لە ناوچەکە دەرکەوت و بووە هۆی دروستبوونی زیاتر لە 100 جۆری پەتاتەی نوێ کە ئێستا لە بازاڕدا هەیە.
سانوێن هوانگ، هاونووسەری توێژینەوەکە و سەرۆکی ئەکادیمیای چینی بۆ زانستە کشتوکاڵییە خولگەییەکان، رایگەیاند، پەرەسەندنەکە "سوودێکی گەورەی بە پەتاتە بەخشی لە ژینگە سەختەکاندا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین جۆری نوێ و بەشدار بوو لەو هەمەجۆرییە دەوڵەمەندەی پەتاتە کە ئەمڕۆ دەیبینین و پشتمان پێ بەستووە."
بەشداربووانی توێژینەوەکە ئەوەشیان دۆزیوەتەوە کە بوونی جینی ئێس پی و ئەی6 لە لایەنی تەماتە بووە هۆی دروستبوونی گرێی ژێرزەوی پەتاتە و بوونی جینی تی1 لە لایەنی ئێتوبێرسۆم بووە هۆی دروستبوونی قەدی ژێرزەوی پەتاتە و بەهێزبوونی. تێگەیشتن لەم جینانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتەی خۆڕاگرتر کە بەرگری لە نەخۆشی و گوشاری کەشوهەوا بکات.
پەتاتە، تەماتە و ئێتوبێرسۆم سەر بە رەگەزی سۆلانومن، گەورەترین گرووپی رووەکییە لە خێزانی نایتشەید کە زیاتر لە هەزار و 500 جۆر رووەک لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ، پەتاتە سێیەم گرنگترین بەرهەمی خۆراکی سەرەکییە لە جیهاندا، لە دوای برنج و گەنمەوە بەشێکی بەرچاو لە خۆراکی مرۆڤەکان پێکدەهێنێت. تێگەیشتن لە بنەچە بۆماوەییەکەی دەتوانێت یارمەتی زانایان بدات بۆ باشترکردنی جۆرەکانی داهاتووی ئەو بەرهەمە خۆراکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ