بەدواداچوونی رووداو بۆ کوژرانی چوار ئەندامی خێزانێکی کورد لە تێکساسی ئەمریکا

01-09-2023
بەردەم ماڵەکە و بنکەی پۆلیسی ئاڵێن. وێنە: رووداو
بەردەم ماڵەکە و بنکەی پۆلیسی ئاڵێن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممەی رابردوو چوار ئەندامی خێزانێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان لە شاری ئاڵێن کە 50 کیلومەتر لە شاری داڵاس لە ویلایەتیی تێکساسی ئەمریکا دوورە، لە ماڵەکەیان بە کوژراوی دۆزرانەوە. بەپێی زانیارییەکان، کچێکی چوار ساڵانی ئەم خێزانە کوردە سێ هەفتە پێشتر لە مەلەوانەگەیەکدا خنکاوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پۆلیس رۆژی دووشەممەی رابردوو ئاشکرای کردبوون، داپیرەی منداڵەکان کاتێک دەچێتە ماڵەکەیان، هیچ کەسێک دەرگای بۆ ناکاتەوە و دوای دوو کاژێر بە تەلەفۆن پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە، دواتر هێزەکانی پۆلیس دەچنە نێو ماڵەکە و تەرمی فەرمان شێروانی باوکی خێزانەکە، لەیلا شێروانی دایک و کوڕەکانیان مەتین شێروانی دوو ساڵان و شاهین شێروانی 12 ساڵان دەبینن.
 
پۆلیس دوای لێکۆڵینەوە دەگاتە ئەو بڕوایەی کە فەرمان، سەرۆکی خێزانەکە، سەرەتا منداڵەکانی و هاوژینەکەی دەکوژێت و دواتریش گوللەیەک لە سەری دەدات و خۆی دەکوژێت. پۆلیس دواتر پەیوەندی بە بنەماڵە و ناوەندی ئیسلامی دەکات، کە خێزانەکە ئەندامی ناوەندەکە بوونە. 
 
ئیمام شاهید هۆکی، بەڕێوەبەری ناوەندی ئیسلامی دەڵێت، "خێزانەکە زۆر جار دەهاتن و دەچوون. بە تایبەتیش رۆژی هەینی بۆ نوێژ دەهاتن. منداڵەکانی ئەو خێزانەش بەشدارییان لە بەرنامەکانی ناوەندەکەماندا دەکرد."
 
بەڕێوەبەری ناوەندەکە هەروەها گوتی، ئەوان بە باشی لەو خێزانە تێنەگەیشتوون، چونکە مرۆڤ بیری لەوە نەدەکردەوە، کە خێزانەکە لە چ بارودۆخێکی سەختدا تێپەریون. بە تایبەتیش کە مرۆڤ منداڵێکی لێ دەمرێت. بەڵام ئەوان چاوەڕێی شتێکی وەهایان نەدەکرد.
 
ئیمام شاهید هۆکی باس لەوە دەکات، "تا یەکێک لە ئێمە هەمان شت بەسەری نەیێت لێی تێناگەین. ئەو خێزانە مردنی کچەکەیان زۆر قورس بووە بۆیان."
 
تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ باوکی لەیلا شێروانی و برای فەرمان شێروانی قسەی کرد، بەڵام نەیانویست لە شاشە دەربچن. ئەوان گوتیان ئەو کەسانەیان لەدەستدا کە زۆریان خۆشدەویست، ئازاری لەدەستدانیان وایان لێدەکات کە نەتوانن باسی رووداوەکە بکەن. هەروەها دەڵێن، کچە چوار ساڵانەکەی خێزانەکە ژیانی لەدەستدابوو و ئەوەش ئازارێک نییە کە مرۆڤ بتوانێت بە تەنیا بەسەریدا زاڵ بێت.
 
لە لایەکی دیکە رووداو چووە ناوەندی پۆلیسی شاری ئاڵێن بۆ ئەوەی لە پۆلیس بپرسێت، ئایا 100٪ دیار دەبێت کە رووداوەکە خۆکوشتن بووە، بەڵام پۆلیس نەیویست قسە بۆ میدیا بکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە