رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی حکومەتی بۆ ماوەی 45 رۆژ پەسندکرد، بەوپێیەش رێگری کرد لە داخران و بێ بودجەبوونی حکومەت.
تەنیا 3 کاژێر مابوو، کە حکومەتی ئەمریکا شەتداون بێت، کە ئەنجوومەنی پیران ئەو پڕۆژەیاسایەی لە کونگرێس پەسندکرا بوو، دەنگی لەسەردا، دوای ئەوەش پڕۆژەکە نێردرا بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.
دوای پەسندکردنی پرۆژەیاساکە، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ستایشی هەوڵی کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران لە هەر دوو پارتی دیموکرات و کۆماری کرد، کە بە هاوبەشی توانیان رێگری لە داخرانی حکومەت بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگری لە سەرهەڵدانی قەیرانێک کرا، کە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنەها هاووڵاتیی ئەمریکی دادەنا.
کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر بودجەی ساڵی داهاتووی خەرجییەکانی حکومەت ناکۆکن. کۆمارییەکان داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت دەکەن و خوازیارن ئیدارەی بایدن هەوڵەکانی بۆ رێگری لە هاتنی کۆچبەران تووند بکات.
ساڵی دارایی لە ئەمریکا لە یەکەم رۆژی مانگی 10ـەوە دەستپێدەکات و بودجەی خەرجییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی یەک ساڵ ئامادە دەکرێت، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان رێگربوو بۆ ئەوەی بۆ تەواوی ساڵی دارایی بودجە پەسندبکرێت و تەنیا بۆ 45 رۆژ بودجەی خەرجییەکان دەنگی لەسەر درا.
سەرەڕای رژدبوونی دیموکراتەکان بۆ ئەوەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئۆکراینا بەردەوام بێت، بەڵام کۆمارییەکان ئامادە نەبوون هیچ بڕە پارەیەک وەک یارمەتی بۆ ئۆکراینا لە ماوەی 45 رۆژی داهاتوودا لە پڕۆژەیاساکەدا بگونجێنن.
پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی حکومەتی ئەمریکا ئەو 16 ملیار دۆلارەی تێدا نییە کە دیموکراتەکان داوایان دەکرد بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا، بەڵام داواکاریی دیموکراتەکان بۆ زیادکردنی 16 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیی ئەوانەی بەهۆی رووداوە سرووشتییەکان زیانمەندبوون، لە پڕۆژەیاساکەدا گونجێندرا.
کێڤین مەککارتی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەهۆی ئەوەی هۆکار بوو بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، کەوتە بەر رەخنەی تووندی بەشێک لە کۆمارییەکان، ئەوان پێشنیازیان کردووە کە ماککارتی بەهۆی پاڵپشتیکردن لە داواکاریی دیموکراتەکان لە پۆستەکەیدا نەمێنێت.
قەبارەی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ساڵی دارایی داهاتوو 1 تریلیۆن و 900 ملیار دۆلارە، بەڵام کۆمارییەکان داوادەکەن بەبڕی 120 ملیار دۆلار کەمبکرێتەوە.
بەشێکی کۆمارییەکان داوادەکەن رێوشوێنی تووندتر بگرێتەبەر دژی کۆچبەران و دیواری نێوان ئەمریکا و مەکسیک بەرووی کۆچبەراندا بە تەواوی دابخرێت.
ئەگەر حکومەتی ئەمریکا لە رێگەی پرۆژەیاسای نوێی پارەدارنەکردبایە، لەمڕۆوە نزیکەی 4 ملیۆن کارمەندی شارستانی و سەربازی لە ئەمریکا بەبێ مووچە دەمانەوە و زۆربەی خزمەتگوزاییە گشتییەکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا پەکیان دەکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ