جیهان
ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان بە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانی پێشووی ئەفغانستان لە کابول دەسووڕێنەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەوەتەی تاڵیبان لە مانگی ئابەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، تەنیا لە چوار پارێزگادا 100 پۆلیس و ئەفسەری هەواڵگری رفاندوون.
لە راپۆرتە 25 لاپەڕییەکەی چاودێری مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، تاڵیبان 47 ئەفسەری هێزە ئەمنییەکانی پێشووی ئەفغانستانی کوشتوون یاخود بێسەروشوێنی کردوون، ئەمانە ئەو کەسانەن، کە لەگەڵ هاتنی تاڵیبان خۆیان بەدەستەوە داوە یاخود دەستگیرکراون.
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زانیاری حاشاهەڵنەگریان لەسەر کوشتنی لانیکەم 100 کەس لە پارێزگاکانی گەزنی، هێلماند، قەندەهار و کوندوز هەن.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، لەو چوار پارێزگایە رووبەڕوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ 40 کەس کردووە، 27 کەسیش بە تەلەفۆن، گوتە لە خۆیان و خزم و دۆست و کەسوکاری رفێندراو و کوژراوان، لە بەرپرسانی پێشووی حکومەت و رۆژنامەڤان و کارمەندانی تەندروستی و ئەندامانی تاڵیبانیش وەرگیراوە.
بەگوتەی رێکخراوەکە، فەرماندەیەکی تاڵیبان گوتوویەتی هەر کەسێک دەستی لە رفاندن و کوشتنی ئەو ئەفسەرانەدا هەبێت "لێخۆشبوون نایانگرێتەوە"، داواشی کردووە هەر کەسێک لەخۆی دەترسێت نامەیەکی فەرمی بنێرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی بگرینە ئەستۆ، بەڵام دەڵێت جارێکی دیکە حکومەتی ئەفغانستان ئەو ناوتۆمارکردنەی ئەفسەران بۆ گرتن و کوشتن و رفاندنیان بەکاردەهێنێت، تەرمەکەیان لە شوێنێک بەجێدێڵێت کەسوکاریان بەدوایدا بگەڕێن و بیدۆزنەوە.
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ باس لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و دۆزینەوەی شەوانەی تاڵیبان دەکات، دەڵێت هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک، ئەوانە دەستگیر دەکەن و دەیانڕفێنن کە لە حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان دەسەڵاتیان هەبووە.
تاڵیبان لە 15ی ئابی ئەمساڵ دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەدەست داوی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی پێشوو نەیانتوانی بەرگری بکەن و خۆیان بەدەستەوەدا، لەو کاتەوە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن و داوا لە تاڵیبان دەکەن خۆیان لە پێشێلکاری مرۆیی بپارێزن و دەست بۆ ئەوانە نەبەن کە خۆیان بەدەستەوەداوە و بەشێوەیەک لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان کاریان کرووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ