رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ بە زمانە تووندەکەی گەڕایەوە سەر مەلەفی ئێران. لە کۆشکی سپییەوە و لە وەڵامی رووداودا ئامارێکی شۆکهێنەری لەبارەی کوژراوانی ئێران درکاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی، "بۆ ئەوان باشترە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. باشترە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. دەزانن کە خەڵکی ئێران زۆر جیاوازییان لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران هەیە. دۆخەکەیان زۆر زۆر دڵگرانکەرە. 32 هەزار کەس لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کوژران."
قسەکانی ترەمپ لەکاتێکی هەستاریدا دێن. لە لایەک دیپلۆماتان لە هەوڵی رێککەوتنی نوێدان، لە لایەکی دیکەش، ترەمپ تەنیا 15 رۆژ مۆڵەتی بۆ گەیشتن بە ئەنجام داناوە.
واشنتن داوای سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران و وازهێنانی تاران لە گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەکە دەکات، تارانیش پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی خۆی دەزانێت.
هاوکات، هێزی دەریایی زیاتری ئەمریکا گەیشتووەتە ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران قسەکانی ترەمپ بە ناڕاست ناودەبات و داوای بەڵگەی لێدەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ کە بۆ رووداو کردی رایگەیاند، "بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەمان تایبەت بە شەفافیەتی تەواو بەرامبەر گەلەکەمان، حکومەتی ئێران لیستی ناوی سەرجەم 3117 قوربانییەکەی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی بڵاوکردەوە، نزیکەی 200 ئەفسەریشیان تێدایە. هەر کەسێک گومانی لە دروستیی زانیارییەکانمان هەیە، تکایە با بەڵگەکانی بخاتەڕوو."
میدیای ئەمریکی دەڵێ، ئێستا ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە، رێگە بە ئێران بدات بەشێوەیەکی سیمبوولی یۆرانیۆم بپیتێنێت و نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پێ دروست بکات، یانیش سەرکردە باڵاکان بکاتە ئامانج.
تارانیش دەڵێ، بۆ شەڕ و ئاشتی ئامادەیە و لە ئەگەری بەئامانجگرتنی، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ