پاکستان هێرشی ئاسمانیی فراوانی کردە سەر ئەفغانستان و دەیان کەس کوژران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 22ی شوبات، پاکستان رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نێو خاکی ئەفغانستان. حکومەتی ئەفغانستانیش دەڵێت لە ئەنجامی هێرشەکاندا دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
 
هێرشەکان شەوی رابردوو کراون، بە فراوانترین هێرش دادەنرێن لەدوای شەڕە خوێناوییەکەی سەرسنووری مانگی تشرینی یەکەم، کە ئەوکات زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا کوژران. 
 
وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان دەڵێت، 7 شوێنیان لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج کە بنکەی گرووپە چەکدارەکان بوون. ئامانجەکان بریتی بوون لە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و هاوپەیمانەکانیان، هەروەها لقێکی رێکخراوی داعش.
 
ئیسلام ئاباد ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو تەقینەوە خۆکوژییانەی ئەم دواییە لە پاکستان روویاندا، بەتایبەت تەقینەوەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری مزگەوتێکی شیعەکان لە ئیسلام ئاباد کە داعش بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ و 40 کەسی تێدا کوژرا.
 
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند هێرشەکان پارێزگەکانی "نەنگەرهار" و "پاکتیکا"یان گرتووەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە قەزای "بیحسود" لە نەنگەرهار، خانوویەک کراوەتە ئامانج و 17 کەس تێیدا کوژراون، کە 12یان منداڵ و مێردمنداڵن.
 
رۆژنامەڤانان بینیویانە خەڵک بە شۆفڵ لەژێر داروپەردووی خانووەکاندا بەدوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن.
 
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ژەنەراڵەکانی پاکستان دەیانەوێت لاوازیی ئەمنیی وڵاتەکەیان بەم تاوانانە پەردەپۆش بکەن."
 
لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان زۆر خراپ بوون. 
 
پاکستان، کابوول تۆمەتبار دەکات بەوەی گرووپە چەکدارەکان داڵدە دەدات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پاکستان، بەڵام ئەفغانستان ئەمە رەت دەکاتەوە.
 
پێشتر قەتەر و تورکیا هەوڵی نێوەندگیرییان داوە، بەڵام دانوستانەکانی دەوحە و ئیستەنبووڵ نەیانتوانیوە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بەرهەم بێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ پێناسی گومرگیی جیهانی بۆ 15% بەرز دەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە رێژەی باجی گومرگی جیهانی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ وڵاتەکەی لە 10%ـەوە بەرزدەکاتەوە بۆ 15% و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە "راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت".