ترەمپ پێناسی گومرگیی جیهانی بۆ 15% بەرز دەکاتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە، رێژەی پێناسی گومرگی جیهانی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ 15% بەرز کردەوە. ئەم هەنگاوە دووپاتی دەکاتەوە کە ترەمپ سوورە لەسەر سیاسەتی تووندی باجی گومرگی و تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دادگەی باڵا بەشێکی زۆری ئەو باجانەی بە نایاسایی ناساند کە پێشتر سەپاندبوونی.
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسیویەتی، دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بە بڕیارەکەی رۆژی هەینیی دادگەی باڵا کە بە "بڕیارێکی دژە ئەمریکیی نائاسایی" ناوی بردووە، ئیدارەکەی بڕیاریداوە پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان "بۆ ئاستی 15% کە بە تەواوی رێگەپێدراو و لە رووی یاساییەوە تاقیکراوەتەوە" بەرزبکاتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند مانگی داهاتوودا، ئیدارەکەی بەدوای رێگەی دیکەی جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی "رێگەپێدراو لە رووی یاساییەوە".
 
راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممە، نوێترین هەنگاوە لە پرۆسەیەکی پڕ لە گۆڕانکاریدا. لەو کاتەوەی دەستی بە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی کردووە، ترەمپ چەندین جار پێناسی گومرگی بە ئاستی جیاجیا بەسەر وڵاتانی هەناردەکاردا سەپاندووە، بەڵام پاشان گۆڕیویەتی یان هەڵیوەشاندووەتەوە.
 
ئەم بڕیارە نوێیە، هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی دوایین بڕیاری دادگای باڵا، کە تووندترین بڕیار بوو لە دژی سیاسەتی بازرگانیی ترەمپ. 
 
بەپێی یاسا، ئەم باجە نوێیە کاتییە و بۆ ماوەی تەنیا 150 رۆژ رێگەپێدراوە. بەپێی راپۆرتێکی کۆشکی سپی، ئەو کەرتانەی لەژێر لێکۆڵینەوەی جیاوازدان، وەک دەرمان و ئەو کاڵایانەی لەژێر رێککەوتنی ئەمریکا-مەکسیک-کەنەدا (USMCA) دێنە ناو ئەمریکا، لەم باجە نوێیە بەدەر دەبن.
 
ترەمپ زۆربەی کاتەکەی لە ساڵی رابردوودا بە سەپاندنی رێژەی جیاوازی باج بەسەر وڵاتاندا بەسەر برد، بە مەبەستی گوشارخستنە سەریان و سزادانیان، چ دۆست بن و چ نەیار.
 
رۆژی هەینی، کۆشکی سپی رایگەیاند، هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا کە گەیشتوونەتە رێککەوتنی پێناسی گومرگی جیاواز لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، ئەوانیش رووبەڕووی باجە گومرگییە جیهانییە نوێیەکە دەبنەوە.
 
دادگەی باڵا، زۆرینەی ئەندامەکانی کۆنەپارێزن، رۆژی هەینی بە شەش دەنگ بەرامبەر بە سێ دەنگ بڕیاری دا کە یاسای ساڵی 1977، کە ترەمپ پشتی پێبەستبوو بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی لەناکاو بەسەر وڵاتان و تێکدانی بازرگانیی جیهانی، "مافی ئەوە نادات بە سەرۆک باج بسەپێنێت."
 
ترەمپ، کە دوو لەو دادوەرانەی دژی بڕیارەکەی بوون، خۆی کاندیدی کردبوون، بە تووڕەیی وەڵامی دایەوە و بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی کرد کە دادگەکە لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە بیانییەکاندا بووە.
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هەندێک لە ئەندامانی دادگە خەجاڵەتیان کردم، بە تەواوی خەجاڵەتیان کردم، چونکە ئازایەتی ئەوەیان نەبوو کە کاری دروست بۆ وڵاتەکەمان بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە