کۆچی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا نزیکەی 60% کەمی کردووە

01-12-2023
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێت، بەدرێژایی ئەم ساڵ، 92 هەزار و 119 کۆچبەری نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە. 
 
ئەم ساڵ ژمارەیەکی کەمتر کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ئەڵمانیا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەڵمانیا بەپێچەوانەی ئەو شەپۆلە دژە کۆچبەرییەی لە ئەوروپا دەستیپێکردووە، سیاسەتێکی نەرم و ئاسانکارانەی بۆ هاتنی کۆچبەران هەبووە، بەتایبەتیش کۆچبەری کارزان. 
 
هۆکاری دابەزینی ژمارەی کۆچبەری نایاسایی وەکو پۆلیسی ئەڵمانیا باسی دەکات، ئەوەیە کە لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا و چیک خاڵی پشکنینی زۆر دانراون و بە بەردەوامی کۆچبەری نایاسایی دەگیرێن کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بچنە نێو ئەڵمانیا. 
 
لە 16ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە، بەشێوەی مامناوەند تەنیا 300 کەس بەشێوەی نایاسایی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا. پێش ئەوکات رۆژانە 700 کەس دەچوونە ئەو وڵاتە. داتاکانی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا پێشانی دەدەن، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 234 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە. لەو ژمارەیەدا ئەوانەش هەن کە بەهۆی شەڕەکانی ئەمدواییەوە لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە پەنایان بۆ ئەوروپا هێناوە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا گوتبووی، سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ چیک و پۆڵەندا تووندتر دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی کە شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران گەیشتبوونە ئیتاڵیا و دەیانویست لەوێوە رووبکەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەتایبەتیش ئەڵمانیا.
  
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو مانگی ئەیلوول، پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا 70 هەزار و 735 کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو ئەڵمانیا تۆمارکردووە، ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 60% زیادیکردووە، بەڵام دوای هەوڵەکانی تووندکردنی سنوورەکان، ئێستا رێژەکە پێچەوانەبووەتەوە و 60% کەمیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە