رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێت، ئەگەر خۆپێشاندەران بکوژن ئەوا بەهانایانەوە دەچن.
رۆژی هەینی، 2ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال رایگەیاند، "ئەگەر ئێران تەقە بکات و بە تووندوتیژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دێت". دەشڵێت، "ئێمە ئامادە و پڕچەکین و ئامادەی جووڵەین".
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە وەک کرماشان، لوڕستان، ئیلام، چوار مەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئیسفەهان، هەمەدان و مەشهەدی گرتووەتەوە. و تاوەکو ئێستا لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
دوای دەستپێکردنی ئەو ناڕەزاییانە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدولناسر هیمەتی کرایە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە. هیمەتی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهای تمەن و دۆخی بازاڕ سەقامگیر دەکەن و پێش بە گەندەڵی لە بازاڕی دراو دەگرن.
دوێنێ پێنجشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە رایگەیاند، ''چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی لە بنەڕەتدا چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری و جێبەجێکردنی دادپەروەرییە.''

مەسعود پزیشکیان گوتیشی: "کامە سیاسەت دەتوانرێ جێبەجێ بکرێت، کاتێک دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا پەیڕەو نەکرێ. بۆچی خەڵک قبووڵمان ناکات، با قبووڵی بکەین کە دەبێ گوێ لە قسەی خەڵک بگرین."
بەگوێرەی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، جیا لەو چوار کەسەی لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو گەنجی 21 و 28 ساڵ و لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری و لە شاری فەسای پارێزگای فارس، خۆپێشاندەرێکی تەمەن 18 ساڵ بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوان بە وردی رانەگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ