ناسا چوار کەشتیوان دەنێرێتە خولگەی مانگ؛ ئامادەکارییە بۆ نیشتنەوەی هەمیشەیی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی ناسا دەڵێت، سەرەتای مانگی داهاتوو، چوار کەشتیوان رەوانەی دەوروبەری مانگەکەی خۆمان دەکات، وەکو ئامادەکارییەک بۆ چوونەوە سەر رووی مانگ لە ساڵانی داهاتوودا.
 
ئەو کەشتیوانانە بە دیاریکراوی بڕیارە لە 5ی شوبات لە فلۆریداوە بەرەو مانگ بفڕن.
 
کەشتیوانەکان سیانیان ئەمریکین و سەر بە ئاژانسی ناسان، یەکێکیان کەنەدیە و سەر بە ئاژانسی بۆشایی وڵاتەکەیەتی.
 
یەکێک لە کەشتیوانە ئەمریکییەکان ژنە. کەنەدییەکەش دەبێتە یەکەمین کەسی نائەمریکی کە بچێتە نزیکی مانگ.
 
ئەوان بڕیارە بە دەوری مانگدا بخولێنەوە و زانیاری کۆبکەنەوە بۆ ئەو گەشتەی کە بڕیارە لە 2027 یان 2028 دا ناسا بیکات و مرۆڤ لەدوای 1969وە، بۆ دووەم جار پێ بخاتەوە سەر مانگی هەسارەکەمان.
 
گارید ئایزاکمان، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ CNBC رایگەیاند، ئامانجیان تەنیا گەشت نییە، بەڵکو دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتە زانستی و ئابوورییە وەربگرن کە لەسەر مانگ هەیە و ناوەندی زانیارییەکان و ژێرخانی تەکنەلۆجی لەسەر مانگ دروست بکەن.
 
بەڕێوبەرەکەی ئاژانسی ناسا دەشڵێت، دەیانەوێت لەسەر مانگ گازی هیلیۆم-3 دەربهێنن، کە گازێکی دەگمەنە و دەکرێت ببێتە سووتەمەنییەکی سەرەکی بۆ وزەی ناوەکی.
 
ناسا بەنیازی بنکەی هەمیشەییە لەسەر مانگ، وەکو گارید ئایزاکمان دەڵێت، ئەگەر لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن، ئەوا هەوڵی دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی دەدەن لەسەر مانگ تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا گەشت بەرەو هەسارەی مەریخیش ئەنجام بدەن.
 
گەشتەکە ناوی ئارتمس2ی لێنراوە و لەلایەن مووشەکێکی دروستکراوی ناسا خۆیەوە بەرەو مانگ هەڵدەدرێت و 10 رۆژ دەخایێنێت.
 
کەشتیوانەکان پێکهاتوون لە رێد وایسمان، ڤیکتۆر گلۆڤەر، کریستینا کۆک و جێرمی هانسین؛ رێد وایسمان کە ئەمریکییە، سەرۆکایەتی گەشتەکە دەکات.
 
ئەو چوار کەشتیوانە پێکەوە بەکۆی گشتی 660 رۆژ لە وێستگەی بۆشایی نێودەوڵەتی ماونەتەوە و 12 جار پیاسەیان لەنێو بۆشاییدا کردووە.
 
ئەگەرچی بڕیاربوو چوار کەشتیوانەکە لە ساڵی 2025 گەشتەکە بکەن، بەڵام ناسا ئەو پرۆسەیەی بۆ ئەم ساڵ دواخست بە پاساوی ئەوەی کەشتییەکەیان ئامادە نییە.
 
گەشتی ئارتمس3 گەشتی دواتر دەبێت کە بڕیارە تێیدا هەمان چوار کەشتیوان لەسەر رووی مانگ بنیشنەوە و کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک بەرپرسە لە دروستکردنی سیستمی نیشتنەوەی کەشتییەکە.
 
ناسا ساڵانێکە پڕۆژەی "گەڕانەوە بۆ سەر مانگ"ـی راگەیاندووە و ناوی ناوە ئامانجەکانی ئارتمس - Artemis، کە وشەیەکی یۆنانییە و بە مانای خودای راوکردن دێت.
 
ئاژانسەکە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەکو سپەیس ئێکس و بۆینگ بۆ سەرخستنی پرۆژەکەی کار دەکات، حکومەتی ئەمریکا بودجەیەکی بە بڕی 9.9 ملیار دۆلار وەک پاڵپشتییەکی دارایی بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی ئارتمس2 تەرخان کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زۆهران مەمدانی لەکاتی سوێندخواردن دا. وێنە: Reuters

مەمدانی، گەنجە موسڵمانە چەپەکە وەک سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک دەستبەکاربوو

زۆهران مەمدانی، گەنجێکی چەپڕۆی ئەمریکا وەک یەکەم موسڵمان سوێندی یاسایی خوارد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک؛ چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەجێندا سیاسییەکەیەوە خولێکی پڕ لە ململانێی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبێت.