رووداو دیجیتاڵ
هەزاران مامۆستا و کرێکار لە شاری لەندەن، دژی کەمیی مووچە و گرانیی نرخ ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ بەشێکی مامۆستایان و کارمەندانی سێکتەرەکانی دیکەش مانگرتنیان راگەیاند.
لویسا دی ماریا، مامۆستا دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی کە وا دەکات مان بگرم ئەوەیە کە دەبێت مووچەکەمان زیاد بکەن. پێموایە لە کەرتی پەروەردە پێویستمان بە پارەی زیاترە، تاوەکو منداڵەکانمان باشتر بخوێنن و ژینگەیەکی باشتریان هەبێت."
خۆپێشاندانەکە کاریگەریی لەسەر 23 هەزار قوتابخانە هەبووە و چاوەڕوان دەکرێت 150 هەزار مامۆستا بایکۆتی وانە گوتنەوە بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، نرخی شمەک بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. نرخی گازی شل 128.9% زیادیکردووە، نرخی کارەباش 65.4% و شەکر 35.8%.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش کێیر ستارمێر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی تۆمەتبار کرد، گوایە لەپێناو بەریتانیا تێناکۆشێت.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەو ناتوانێت بۆ منداڵە خوێندکارەکانی بەریتانیا تێبکۆشێت. ناتوانێت بۆ ژنانی پارتەکەی تێبکۆشێت. بەردەوامین و هەڵاوسان چارەسەر دەکەین، ئابوورییەکەمان پێش دەخەین و وەرزەکان کەمدەکەینەوە، رێگە لە هاتنی بەلەمەکان دەگرین، لە کاتێکدا ئەو نازانێت کە دەتوانیت چی بۆ بەریتانیا بکات."
سندوقی نەختیی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2024 کۆی بەرهەمی نێوخۆی بەریتانیا 0.9% گەشە بکات، ئەم رێژەیە بۆ بەریتانیا رێژەیەکی نزمە، بۆ نموونە ئەمریکا 1.4% و ژاپۆن 1.8% و کەنەدا 1.5% گەشە دەکەن. ئێستا هەڵاوسان لە بەریتانیا 11%ی تێپەڕاندووە و بەرزترین رێژەیە لە 40 ساڵی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ