وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: پاڵپشتی لە هەوڵەکانی پاکستان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئێران دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند، پاڵپشتی لە هەوڵەکانی پاکستان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارەکانی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین سەبارەت بە هەوڵەکانی پاکستان بۆ راگرتنی جەنگ رایگەیاند، "چین پشتیوانی دەکات و چاوەڕوانە پاکستان رۆڵێکی بێهاوتا و گرنگ بگێڕێت لە هێورکردنەوەی گرژییەکان، ساردکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە، ئێران داوای ئاگربەستی کردووە بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەکەنەوە داوای لەو جۆرەیان کردبێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەن جەنگی ئێران رابگرن ئەگەر ئەو وڵاتە تەنگەی هورمز بکاتەوە کە لە رۆژی دووەمی جەنگەوە داخراوە. داخستنی تەنگەکە بووەتە هۆی رێگری لە هەناردەی 20%ی کۆی بەرهەمی رۆژانەی جیهان و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار. 
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامەکەی دا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەموو لایەنەکاندا دەگونجێت. چین ئامادەیە پێکەوە لەگەڵ پاکستان کار بکات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، لادانی دەستوەردانەکان، خامۆشکردنی خێرای ململانێکە، رەخساندنی دەرفەتەکانی ئاشتی و کردنەوەی رێڕەوەکانی دانوستاندن."
 
هەفتەی رابردوو، پاکستان میوانداری کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و سعودیە کرد بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی جەنگی ئێران بەڵام تاوەکو ئێستا تاران و واشنتن نەچوونەتە سەر مێزی گفتوگۆ. 
 
بەرپرسانی تاران دەڵێن، جەنگەکە راناگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی گەرەنتی هێرشنەکردنەوە سەریان پێدەدرێت و قەرەبووی ئەو زیانانەشیان دەکریتەوە کە بەهۆی ئەو جەنگەی ئێستاوە تووشیان بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە