رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گوتارێکدا سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ئێران راگەیاند کە بە "سپۆنسەری یەکەمی تیرۆر لە جیهان" ناوزەدی کرد و گوتی، ئێستا رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی ئازاد هەیە و مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتاییان هاتووە.
کۆتاییهاتنی توانای سەربازیی ئێران
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا مانگێک بەسەر ئەو "تووڕەییە داستانئاسایە" تێدەپەڕێت کە کرایە سەر رژێمی ئێران و گوتی: "ئێستا هێزی چەکداری و ئاسمانیی ئێران نەماون، سوپای پاسداران بە تەواوی کاولکراوە و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکیان خاپوور کراون."
ترەمپ جەختی کردەوە، زۆربەی سەرکردەکانی ئەو رژێمە نەماون و مردوون، تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا خەریکە بە تەواوی بە ئەمریکا دەدۆڕێن.
پێویستمان بە نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەربازانی وڵاتەکەی کرد بۆ "ئەو کارە مەزنانەی ئەنجامیان داوە" و گوتی: "ئێستا ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان ئازاد کردووە و چیدیکە پێویستمان بە نەوتی ئەو ناوچەیەش نییە."
ترەمپ روونیکردەوە کە لە سایەی ئەم هێزەوە [سوپای ئەمریکا]، ئامانجەکانی ئەمریکا خەریکە بەدی دێن، هاوکات یادی ئەو 13 سەربازە ئەمریکیاییەشی کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.
ئێران تەنیا ژمارەیەک کەم مووشەکی ماوە
دۆناڵد ترەمپ بەڵێنەکەی خۆی دووپات کردەوە کە نەهێڵێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. ئەو رژێمەی بە "شێت" و "بکوژ" وەسفکرد کە 47 ساڵە درووشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرز دەکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "رژێمی ئێران 45 هەزار ئێرانی لەنێوخۆی وڵاتەکە کوشتووە." ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەردوو ئیدارەکەمدا کارم بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی کردووە؛ لە ئیدارەی یەکەممدا قاسم سولەیمانیم کوشت و رێککەوتنەکەی ئۆبامام هەڵوەشاندەوە کە زیاتر لە 1.7 ملیار دۆلاری بە فڕۆکە بۆ ئێران ناردبوو."
سەرۆکی ئەمریکا وەکو مژدەیەک ئەوەی راگەیاند کە "بە تەواوی هەموو پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێوبرد و کاولمان کردن، تەنانەت ئەو چەکە نەبینراوانەشیان کە هەبوو لەنێومان بردن."
راشیگەیاند کە ئێستا ئێران ناتوانێت دەست بۆ چەکی ئەتۆم ببات و تەنیا ژمارەیەکی کەم مووشەکی بۆ ماوەتەوە.
سەربەخۆیی وزەی ئەمریکا و پاراستنی هاوپەیمانان
لەبارەی وزەوە، ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا ئێستا بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و گازە و بەرهەمەکەی لە سعودیە و رووسیاش زیاترە. گوتیشی: "هەناردەی ئەمریکا لە تەنگەی هورمزەوە سفرە و پێویستمان بە نەوتی ئەو ناوچەیە نییە، پێشنیازیش بۆ وڵاتان دەکەم با بێن نەوت لە ئێمە بکڕن."
ترەمپ سوپاسی هاوپەیمانەکانی وەک (ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر، کوێت و بەحرێن) کرد و بەڵێنی دا رێگە نەدات زیانیان پێ بگات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێ ئەو وڵاتانەی کاریان لە تەنگەی هورمزە، خۆیان بیپارێزن و سوپاسی ئەمریکا بکەن کە "هیچ هەناسەیەکی بۆ ئێران نەهێشتووەتەوە."
ئێران دەگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند: "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین." هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد کە بەدوای گۆڕینی رژێمەوە نین، بەڵام گوتی: "وەک دەبینن رژێمەکە خۆی گۆڕاوە و ئێستا باشتر مامەڵە دەکات."
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە بە فڕۆکەی B2 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانیان نەکردووەتە ئامانج. ترەمپ جەختی کردەوە کە هەموو جیهان ئێستا سەیری هێزی ئەمریکا دەکات و رێگە نادەن هیچ خراپەکارییەک بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ