لە ئەمریکا کەسێک بەهۆی هەڕەشەی کوشتن لە ترەمپ دەستگیرکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

پیاوێکی ئەمریکی بە تۆمەتی هەڕەشەی کوشتن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەرێگەی زنجیرەیەک پۆست لە پلاتفۆرمی فەیسبووک دەستگیرکرا.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026 رایگەیاند، کە ئەندرۆ ئیمێراڵد، تەمەن 45 ساڵ و دانیشتووی ویلایەتی ماساچووسێتس، بە تۆمەتی ئاراستەکردنی هەڕەشەی کوشتن و بریندارکردن بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ دەستگیرکراوە. 
 
ئیمێراڵد لە رێگەی 8 پەیامی جیاوازەوە لە فەیسبووک هێرشی کردووەتە سەر سەرۆکی ئەمریکا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی داد، ئیمێراڵد لە یەکێک لە پۆستەکانیدا لە ئایاری 2025 نووسیویەتی: "یان ترەمپ تاوەکو ساڵی 2026 دەمرێت و دەخرێتە ژێر خاک، یان من راوی دەنێم و دەیخەمە ئەوێ." 
 
لە هەمان کاتدا، تۆمەتبارەکە هەڕەشەی سووتاندنی هاوینەهەواری تایبەتی ترەمپی لە فلۆریدا کردووە و نووسیویەتی: "دڵنیات دەکەمەوە کاتێک مارالاگۆ دەسووتێنم، تۆ لەوێ بیت." 
 
ئەم پیاوە ئێستا بە 8 تۆمەتی گواستنەوەی هەڕەشە لەنێوان ویلایەتەکاندا دادگایی دەکرێت، کە سزاکەی دەگاتە 5 ساڵ زیندانیکردن.
 
ئەم دەستگیرکردنە دوای زنجیرەیەک رووداوی هاوشێوە دێت. لە مانگی ئاداری رابردوودا، پیاوێکی دیکە لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەهۆی هەڕەشەی کوشتنی سەرۆک، سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 
 
ترەمپ لە تەممووزی 2024 لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پێنسیلڤانیا بە پەرجوو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، کاتێک فیشەکێک بەر گوێی کەوت.
 
جەنگی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی تاران، بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی جەنجاڵی ئەمنی لە نێوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان. 
 
نووسینگەى لێکۆڵینەوەى فیدراڵی ئەمریکا "ئێف بی ئای" پێشتر هۆشداریی دابوو لە ئەگەری چالاکبوونی شانە توندڕەوەکان یان بریکارەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لە نێوخۆی ئەمریکا.
 
 ئێستا کە ترەمپ جەخت لە نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ دەکاتەوە و بڕیارە ئەمشەو گوتارێکی مێژوویی پێشکەش بکات، هێزە ئەمنییەکان چاودێریی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک دەکەن کە لە سۆشیاڵ میدیاوە ئاراستەی کۆشکی سپی دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتی لە تەنگەی هورمز- وێنە: رۆیتەرز

بەریتانیا و 35 وڵات لەبارەی ئاسایشی تەنگەی هورمز کۆدەبنەوە

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێودەوڵەتی دەکات کە تێیدا نوێنەرانی 35 وڵات بەشدار دەبن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز و گەرەنتیکردنی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.