رووداو دیجیتاڵ
کوردانی نیشتەجێی پارێزگای سایتامای ژاپۆن، داواکارییان پێشکێش بە بەڕێوەبەرایەتیی پارک و سەوزایی پارێزگاکە کردووە، تاوەکو رێگەیان بدات لە جەژنی نەورۆزدا ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام بەرپرسانی پارێزگاکە رەتیان کردووەتەوە و گوتوویانە، "دەترسن ئاژاوە دروست بێت". هەرچەندە قبووڵ نەکراوە، بەڵام دواتر داوای لێبووردنیان کردووە لەبەرامبەر رەتکردنەوەکەیان.
رۆژی هەینی یەکێک لە مژارەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا "هەواڵێکی سەیر"ـی کوردانی ژاپۆن بوو، لەبارەی داواکارییەکانیان بۆ جەژنی نەورۆز و ئاهەنگگێران، ژاپۆنییەکانیان پێشووتر ئەزموونیان لەگەڵ جەژنی نەورۆز هەبووە و زانیویانە کوردان لەوێ لە جەژنی نەورۆزدا ئاگردەکەنەوە، بەمەش پێیان وایە، زیان بە دارەکان دەگات.
بەڕێوەبەرایەتیی پارک و سەوزایی شاری سایتاما بە کۆمەڵەی (زاینیچی کوردژینتۆ تۆمۆمی) کە کۆمەڵەیەکی کوردییە، گوتووە، "داوای لێبووردنتان لێدەکەین."
لەدوای ئەو پەیامە، کۆمەڵەکە کەوتوونەتە دانوستاندن لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە و پێیان گوتوون، "ئێمە نەمانزانیوە ئاگرکردنەوە لە پارکەکاندا قەدەخەیە، ئەمجارە بەڵێن دەدەین نەیستووتێنین."
بەشێک لە کوردانی ژاپۆن دەڵێن، ساڵی رابردوو لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا لەنێوان کورد و تورکەکاندا شەڕێک روویداوە، بۆیە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەرپرسان وەکو جاران بە ئاسانی رێگە بە بۆنە کوردییەکان نادەن.
پارێزگای سایتاما، یەکێکە لە هەشت پارێزگا گەورەکانی ژاپۆن و نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس تێیدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ