رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی وڵاتەکەوە پشتڕاستیان کردەوە کە رۆژانی داهاتوو دانوستاندنی ئەتۆمیی نێوان تاران و واشنتن لە ئاستێکی باڵادا دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026، ژمارەیەک میدیای ئێرانی وەک ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) و ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی ئێرانەوە بڵاویان کردەوە: ''لە رۆژانی داهاتوودا دانوستاندنی تاران و واشنتن دەستپێدەکاتەوە.''
بەگوێرەی میدیا، دانوستاندنەکە لەسەر ئاستی شاندێکی باڵا بە سەرپەرشتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوامن.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی کابینەی دەوڵەتەوە بڵاوی کردوەوە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا، ''لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەتۆمی''ـدا دەرکردووە.
دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمیی تاران و واشنتن لەکاتێکدا دەبێ، ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە لە ئەگەری شکستهێانی دانوستاندن هەڕەشەی هێرشکردن دەکات.
لە مانگی نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا. بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەریی تەلئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندانەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ