ترەمپ و مۆدی رێککەوتن؛ نەوتی رووسیا مەكڕە، پێناسی گومرگی کەمدەکەمەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هیندستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بازرگانیی مێژوویی کە تێیدا نیودەلهی بەڵێنی داوە کڕینی نەوتی رووسیا رابگرێت.
 
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی واشنتن بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا هەژمار دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 2ـی شووباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ رایگەیاند، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، بڕیاردراوە پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هیندییەکان لە 25٪ـەوە بۆ 18٪ کەم بکرێتەوە. هەروەها بڕیارە ئەو پێناسە گومرگییە زیادەیەی کە پێشتر بەهۆی کڕینی نەوتی رووسیا لەسەر هیندستان سەپێنرابوو، هەڵبگیرێت.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، مۆدی رازی بووە چیدیکە نەوت لە رووسیا نەکڕێت و لەبری ئەوە هیندستان بڕێکی زۆرتر نەوت لە ئەمریکا و ڤەنزوێلا دابین بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە و دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، چاودێری هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا دەکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا مۆدی وەکو "یەکێک لە باشترین هاوڕێکانم" ناساندووە و دەڵێ، ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، چونکە هیندستان یەکێک بوو لە کڕیارە سەرەکییەکانی وزەی رووسیا.
 
لە بەرامبەردا، نارێندرا مۆدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" خۆشحاڵی خۆی بۆ کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر بەرهەمە هیندییەکان دەربڕیوە و سوپاسی ترەمپی کردووە، بەڵام لە پەیامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە پرسی راگرتنی کڕینی نەوتی رووسیا نەکردووە.
 
هیندستان لە ساڵی 2014ـدا نزیکەی 36٪ی نەوتی خاوی خۆی لە رووسیاوە دابین کردووە، رۆژانە دەکاتە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت. گوشارەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە، پێشتر ڤلادیمێر پووتین لە سەردانەکەیدا بۆ نیودەلهی جەختی لە بەردەوامی هەناردەی وزە بۆ ئەو وڵاتە کردبووەوە، بەڵام وا دیارە گوشارە ئابوورییەکانی واشنتن وای لە هیندستان کردووە گۆڕانکاری لە سیاسەتی وزەی خۆیدا بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

ئێران: یۆرانیۆم بۆ دەرەوە ناگوازینەوە

جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران نیازی نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازێتەوە.