رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی پێشووی رۆشنبیریی فەرەنسا رایگەیاند، هیچ زانیارییەکی لەبارەی تاوانەکانی جێفری ئێپستین نەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی لەو بەڵگەنامانەدا دەرکەوت کە پەیوەستن بە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ئەو بازرگانە سێکسییە کۆچکردووە.
رۆژنامەی (لۆ مۆند)ـی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، جاک لانگ تەمەن 86 ساڵ، ماوەی چەند ساڵێک ئێپستینی ناسیوە و داوای لێکردووە، فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی ئیپستین بۆ خۆی و خێزانەکەی بەکاربهێنێت.
هاوکات ماڵپەڕی لێکۆڵینەوەی (مێدیاپارت) ئاشکرای کردووە، ئێپستین لە ساڵی 2016 کۆمپانیایەکی لە دوورگەکانی ڤێرجن دامەزراندووە و نیوەی پشکەکانی بەناوی (کارۆلین)ـی کچی جاک لانگ کردووە، بەڵام ماڵپەڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، لەو بەڵگەنامانەی دەستیان کەوتووە، هیچ ئاماژەیەک نییە کە بیسەلمێنێت باوک و کچەکە تێوەگلابن لە تاوانە سێکسییەکانی ئێپستین.
جاک لانگ، کە لە ساڵی 2013ـەوە سەرۆکی پەیمانگەی جیهانی عەرەبییە لە پاریس، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر لەڕێگەی وودی ئاڵێن، دەرهێنەری ئەمریکییەوە ئێپستینم ناسیوە."
لانگ دەڵێت: "کاتێک زانیم چ تاوانێکی کردووە، تووشی شۆک بووم. دان بەوەدا دەنێم کە پەیوەندیم لەگەڵی هەبووە لە کاتێکدا هیچ شتێک نەبوو گومان دروست بکات، کە ئەو پیاوە سەرۆکایەتیی تۆڕێکی تاوانکاری دەکات، ئەگەر بمزانیایە دەستبەجێ پەیوەندییەکەم دەپچڕاند."
لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین لانگ بە (مێدیاپارت)ـی راگەیاندووە، ئەو پارەی لە کۆمپانیاکەدا خەرج نەکردووە، بەڵکو تەنیا شارەزایی خۆی لە بواری هونەریدا خستووەتەگەڕ، دان بەوەشدا دەنێت کە لەو مامەڵەیەدا "زۆر ساویلکە" بووە.
جێفری ئێپستین ملیۆنێرێکی ئەمریکی بوو، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ نوخبەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیهاندا هەبوو. ناوبانگی ئەو زیاتر بەهۆی ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەوە بوو کە بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژی سێکسی دروستی کردبوو.
ئیپستین لە ساڵی 2019 لەناو زینداندا خۆی کوشت، لەکاتێکدا رووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆ کاری سێکسی ببووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ