بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی باڵیۆزێکی لەگەڵ ئێپستین دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکرێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پیتەر مەندڵسن، باڵیۆزی پێشووی وڵاتەکەی لە واشنتن و جێفری ئێپستین، کە بە بازرگانی سێکسی ناسراوە.
 
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، کییەر ستامەر پێیوایە دەبێت مەندڵسن نازناوی "لۆرد"ی لێ بسێنرێتەوە و چیدیکە لە ئەنجوومەنی لۆردانی پەرلەمان نەمێنێتەوە.
 
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کریس وۆرماڵد، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەکرێت و ئەم هەنگاوەی ستامەر دوای ئەوە دێت  کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێ لە ئەمریکاوە بڵاوکرانەوە، کە پەردە لەسەر پەیوەندییە نزیکەکانی مەندڵسن و ئێپستین لادەدەن لەو سەردەمەی مەندڵسن وەزیر بووە.
 
گوتەبێژێک بەناوی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکە وردبینی لە تەواوی ئەو زانیارییانە دەکات کە پەیوەندییان بە نێوانی پیتەر مەندڵسن و جێفری ئێپستینەوە هەیە لەو ماوەیەی مەندڵسن وەزیری حکومەت بووە."
 
بەگوێرەی ئەو تۆمارە بانکییانەی کە رۆژی هەینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە ئاشکرا کراون، چەندین زانیاریی هەستیار سەبارەت بە مامەڵە داراییەکانی نێوان هەردوولا بڵاوکراونەتەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2009دا مەندڵسن کورتەیەکی ئابووریی بۆ ئێپستین ناردووە کە تایبەت بووە و بۆ گۆردۆن براونی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا ئامادەکرابوو.
 
هەروەها لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2004دا ئێپستین بە سێ جار بڕی 75 هەزار دۆلاری بۆ هەژمارە بانکییەکانی ئەو بەرپرسەی پارتی کار ناردووە، هاوکات هەر بەپێی بەڵگەنامەکان لە ساڵی 2009دا بڕی 10 هەزار پاوەند لەلایەن ئێپستینەوە بۆ ریناڵدۆ ئاڤیلا دا سیلڤا نێردراوە کە هاوژینی مەندڵسنە.
 
پیتەر مەندڵسن کە تەمەنی 72 ساڵە و یەکێک بوو لە ئەندازیارانی سەرکەوتنی پارتی کار لە سەردەمی تۆنی بلێر، رۆژی یەکشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکە راگەیاند، "بۆئەوەی نەبێتە هۆی شەرمەزاریی زیاتر بۆ پارتەکەی."
 
مەندڵسن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، هیچ یادەوەرییەکی سەبارەت بەو پارانە نییە و گومانی لە دروستی بەڵگەنامەکانیش هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وێنەیەکی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا تەنیا بە جلی ژێرەوە لە تەنیشت ژنێک وەستاوە کە دەموچاوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە سڕدراوەتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردان کردووە کار بکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئەو ئەندامانە دووربخرێنەوە کە ناوبانگی ئەنجوومەنەکە لەکەدار دەکەن.
 
ستامەر ساڵی رابردوو مەندڵسنی لە پۆستی باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا دوورخستەوە، ئەوەش دوای کەمتر لە ساڵێک لە دەستبەکاربوونی لەو پۆستەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە