رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی پۆلیتیکۆی ئەمریکی، رووسیا پێشنیازێکی پێشکێشی ئەمریکا کردووە کە تێیدا ئامادەیی نیشانداوە هاوکارییە هەواڵگرییەکانی بۆ ئێران رابگرێ، ئەگەر لە بەرامبەردا واشنتن هاوکارییە هەواڵگرییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێ، بەڵام واشنتن پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.
راپۆرتەکە رۆژی هەینی، 20ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەفتەی رابردوو لە شاری مەیامی ویلایەتی فلۆریدا، کیریل دیمیتریڤ، نێردەی کرێملین، ئەم پێشنیازەی پێشکێشی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
پۆلیتیکۆ دەڵێ، ئەم جۆرە پێشنیازانە گومانی وڵاتانی ئەورووپای زیاتر کردووە کە مەبەست لە کۆبوونەوەکانی نێوان نێردەکانی ئەمریکا و رووسیا دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتی نییە بۆ ئۆکراینا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ رێککەوتنی دووقۆڵی کە تێیدا هاوبەشە ئەورووپییەکان پەراوێز دەخرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە، رووسیا چەند پێشنیازێکی دیکەی پەیوەست بە ئێرانیشی خستووەتەڕوو، لەوانە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، بەڵام واشنتن ئەوەشی رەتکردووەتەوە.
هەر دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، کیریل دیمیتریڤ لە تۆڕی ئێکس هەواڵەکەی رەتکردەوە و بە "ناڕاست" ناویبرد.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا، مۆسکۆ لە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ی شوباتی رابردوو، هاوئاهەنگییە هەواڵگری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یش بڵاویکردەوە، رووسیا وێنەی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیای درۆنی داوەتە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام کرێملین ئەم راپۆرتانەی بە "هەواڵی ساختە" ناوبرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی هێرشی تووندی کردە سەر ئەندامانی ناتۆ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئامادە نین کەشتیی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز بنێرن بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوەکە.
ترەمپ لە ترووس سۆشیەڵ نووسی: "ئەوان (سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ) سکاڵای بەرزی نرخی نەوت دەکەن، بەڵام نایانەوێ هاوکار بن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز... ئەوان ترسنۆکن و ئەمەمان لەیاد دەمێنێت!"
سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئۆکرایناش، ئەگەرچی ئیدارەی ترەمپ هەندێک جۆری هاوکاریی کەم کردووەتەوە، بەڵام پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە کیێڤ بەردەوامە.
دیپلۆماتێکی ئەورووپی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا فەرەنسا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و پاریس "دوو لەسەر سێی" زانیارییە هەواڵگرییە سەربازییەکانی ئۆکراینا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ