کۆشکی سپی: هەر کاتێک بمانەوێ دەتوانین دوورگەی خارگ کۆنترۆڵ بکەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی دەڵێ، ئەمریکا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بیەوێ دوورگەی خارگی ئێران کۆنترۆڵ بکات. ئەم گوتەیە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دێت کە دەڵێ، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانی گەمارۆدان یان کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوەندە گرنگەی نەوتی ئێرانە.
 
رۆژی هەینی، 20ی ئاداری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر دوورگەی خارگ دەکاتەوە، ئەوەش بە مەبەستی گوشارخستنە سەر تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز کە ئێستا لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.
 
میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، واشنتن هێزی زیاتری مارێنز رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی لە سێیەم هەفتەی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لێکدەدرێتەوە.
 
ئانا کێڵی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، "سوپای ئەمریکا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا کە سەرۆک فەرمان بدات، دوورگەی خارگ کۆنترۆڵ بکات."
 
کێڵی گوتیشی: "بەهۆی پرۆسەیەکی وردی پلاندانانەوە، تەواوی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هەر کاردانەوەیەکی ئێران ئامادەیە. سەرۆک ترەمپ باش دەیزانی کە ئێران هەوڵی تێکدانی ئازادیی جموجووڵی دەریایی و رێڕەوی وزە دەدات، هەربۆیە پێشتر هەنگاوی ناوە بۆ لەنێوبردنی زیاتر لە 40 کەشتیی دانەری مینی ئێران."
 
داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بووەتەهۆی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردوو.
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشەکانیدا "سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی" دوورگەی خارگیان تێکشکاندووە. ترەمپ هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە داخستنی تەنگەی هورمز، ئەوا دەکرێ ژێرخانی ئابووریی دوورگەکەش بکرێنە ئامانج.
 
دوورگەی خارگ ناوەندێکی سەرەکیی ستراتیژییە و نزیکەی تەواوی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەوێوە ئەنجام دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Alex Brandon/AP

ترەمپ: ئێران 10 ساڵی بۆ بونیادنانەوە پێویستە و گۆڕینی دەسەڵات ئامانجی سەرەکیمان نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێران بۆ 10 ساڵ ناتوانێت ژێرخانەکەی بونیاد بنێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مەبەستی سەرەکیی واشنتن رێگریکردنە لە چەکی ئەتۆمی، نەک گۆڕینی دەسەڵات لە تاران