ستامەر بۆ ترەمپ: بەشدارینەکردن لە هێرشی سەر ئێران لە بەرژەوەندیی بەریتانیادایە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەرگری لە بڕیاری وڵاتەکەی دەکات بۆ بەشدارینەکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران و وەڵامی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە. دەشڵێت: "ئەرکی منە بڕیار بدەم چی لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی بەریتانیادایە."
 
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا جەختی لەسەر بڕیاری لەندەن کردەوە بۆ بەدوورگرتنی سوپای وڵاتەکەی لەو هێرشە ئاسمانییانەی کە لە رۆژی شەممەوە بۆ سەر تاران دەستیان پێکردووە.
 
سەبارەت بە رەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا، کییەر ستامەر گوتی: "سەرۆک ترەمپ ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بڕیاری بەشدارینەکردنمان دەربڕیوە، بەڵام ئەرکی منە بڕیار لەسەر ئەوە بدەم چی لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی بەریتانیادایە؛ ئەوەم کردووە و سوورم لەسەر بڕیارەکەم"
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە رەفتارەکانی تاران بەرەو ئەوە دەچن ببێتە "هێزێکی بێباکتر و مەترسیدارتر" لە ناوچەکەدا و ئاسایشی جیهانییان خستووەتە مەترسییەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ستامەر رەتیکردەوە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە قوبرس بۆ مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێن. گوتیشی: "فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا بنکەکانمان لە قوبرس بەکارناهێنن." روونیشیکردەوە کە تەنیا رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکی واشنتن داوە بۆ بەکارهێنانی ئەو بنکانە بۆ مەبەستی "بەرگریی دیاریکراو و سنووردار" لە کاتی جەنگدا، نەک بۆ دەستپێشخەری لە هێرشکردن.
 
ئەم هەڵوێستەی ستامەر لە کاتێکدایە کە تاران لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین بنکەی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو مووشەکباران کردووە. چاودێران پێیانوایە بەریتانیا، کە پێشتر لە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بەشداریی سەرەکیی هەبوو، ئێستا دەیەوێت بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیەوێت وڵاتەکەی پەلکێشی جەنگێکی گشتگیر نەبێت کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی و ئەوروپا دەبێت، بۆیە ستراتیژیی "بەدوورگرتن لە پێکدادانی راستەوخۆ"ی هەڵبژاردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ: بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەین و بێزار نابین

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئامانجەکانمان لەبارەی ئێران روونن: "لەنێوبردنی توانا مووشەکییەکان کە مووشەکی زۆرباش دروست دەکات، لەنێوبردنی کەشتییە جەنگییەکانیان، ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت و ئێران چیدیکە گرووپە تیرۆریستییەکان پڕچەک نەکات."