چین بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: دەستبەجێ هێرشەکانتان بۆ سەر ئێران رابگرن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی چین داوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران رابگرن. دەشڵێت، پێویستە گیانی هاووڵاتییە چینیەکان لە ئێران پارێزراوبێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لەسەر داوای لایەنی ئێرانی، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی کرد و تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان کرد.
 
عەباس عێراقچی لە پەیوەندییەکەدا وانگ یی لە دوایین دۆخی ناوچەکە ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکدا دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران بەردەوام بوو، ئەمریکا "جەنگی دووەم"ی دژی ئێران دەستپێکردووە. گوتیشی، "ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پێشێلکردنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکانی ئێرانە، بۆیە ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە خۆی بکات".
 
وانگ یی جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "چین پاڵپشتی لە سەروەری، ئاسایش و شکۆی نەتەوەیی ئێران دەکات". داواشی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان رابگرن بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان و بڵاوبوونەوەی جەنگ بۆ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت".
 
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، 48 سەرکردەی ئێرانییان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە.
 
وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت متمانەی بە ئێرانە، تاران لەم دۆخە سەختەدا بتوانێت سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی بپارێزێت، هاوکات داوای کرد کە ئێران پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان و دامەزراوە چینییەکان بکات لە ناوخۆی وڵاتەکەدا. لە بەرامبەردا عێراقچی بەڵێنی دا تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی ئاسایشی کارمەند و دامەزراوە چینییەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە