رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا هۆشداری دەدات لەوەی فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، دەبێتە هۆی "تەقینەوەیەکی گەورە" لەسەر سنوورەکانی ئەورووپا. دەشڵێت: "توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران هێشتا وەک هەڕەشەیەکی شاراوە ماونەتەوە."
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە بنکەی سەربازیی "ئیڵ لۆنگ" لە رۆژئاوای وڵاتەکەی، ستراتیژییەکی نوێی بۆ هێزی ناوەکیی فەرەنسا راگەیاند و تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ململانێی تاران و واشنتن.
ماکرۆن لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ململانێیەی رۆژی شەممە دەستیپێکردووە، مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە هۆی ئاگرێکی گەورە کە کاریگەرییەکانی بگەنە ناو جەرگەی ئەورووپا. گوتیشی: "ئەم جەنگە بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی ناسەقامگیری، بەتایبەت کە هێشتا توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران وەک خۆیان ماون."
سەرۆککۆماری فەرەنسا جەختی کردەوە کە ناسەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و گوتی: "ئێمە ناتوانین چاو لەوە بپۆشین کە ئەم ململانێیە لە کاتێکدایە تواناکانی تاران هێشتا وەک هەڕەشە ماونەتەوە؛ ئەگەر دیپلۆماسی نەگەڕێتەوە، ئەوا رووبەڕووی جەنگێکی گشتگیر دەبینەوە کە سنوورەکانمان دەبڕێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن باسی لەوە کرد، فەرەنسا وەک تاقە هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە نێو یەکێتیی ئەورووپادا، دەبێت سەربەخۆیی ستراتیژیی خۆی بپارێزێت. ئەو داوای لە لایەنەکان کرد رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بدۆزنەوە بەرلەوەی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بەتەواوی لەدەست بچێت.
ئەم هۆشدارییەی پاریس لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر تاران بەردەوامە. فەرەنسا نیگەرانە لەوەی هەر پێکدادانێکی بەرفراوان ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون و پەککەوتنی بازاڕی وزە، کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی ئەوروپا دەبێت.
پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و ئێران لە دوای کشانەوەی واشنتن لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018دا، بە قۆناخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕیون و پاریس هەمیشە هەوڵیداوە وەک نێوەندگیرێک کار بکات، بەڵام جەنگی ساڵی 2025 و ئۆپەراسیۆنی 2026 هاوکێشەکەیان بەتەواوی گۆڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ