جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتین

02-05-2025
دیار کوردە @diyarkurda
دیار کوردە، پەیمانێری رووداو و مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
دیار کوردە، پەیمانێری رووداو و مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گرنگییەوە سەیری پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە سووریا کردەوە.
 
سەبارەت بە پرسی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە، هیوستن ئاماژەی بەوەدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ، "بە روونی دەڵێت، دەیەوێت کەوتنەوە کاری بۆریی نەوتی عێراق تورکیا ببینێت." روونیشیکردەوە کە واشنتن لە گرنگیی ئەم سەرچاوەیە بۆ سەقامگیریی ئابووریی ناوچەکە و بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوچەکە تێدەگات.
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "دەمانەوێت ئەم سەرچاوەیە بەردەست بێت... دەزانین لە دوو ساڵی رابردوودا دابەزینمان بینیوە لە توانای کارکردنیدا. دەمانەوێت ئەوە بگۆڕین." هیوستن جەختی کردەوە کە ئەم بۆرییە "دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ گەلی کورد. ئەمە گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی ئەو وەبەرهێنانە بهێنین کە زیاتر ئاشتی و سەرچاوە و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتوو دەهێنێت."
 
لەبارەی دۆخی سووریا و مافی پێکهاتەکانەوە، مێنن هیوستن رەتیکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پشتگوێ خستبێت و رایگەیاند، "رۆژ نییە سەرنجمان لەسەر ئەوە نەبێت کە چۆن دەتوانین سەقامگیریی زیاتر و رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنین."
 
هیوستن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا خوازیارە "کردار" لە دەسەڵاتدارانی سووریا ببینێت، نەک تەنیا "قسە". گوتی: "پێویستە سووریایەک ببینین کە جۆرێک سەرنجی لەسەر مافەکانی مرۆڤ بێت، سەرنجی لەسەر خەڵک بێت، کەمینە نەتەوەییەکان لە سووریا... ئێمە بیر لە دەنگیان دەکەینەوە، ئێمە بیر لە خێزانەکانیان دەکەینەوە، ئێمە بیر لە کۆمەڵگاکانیان دەکەینەوە، کە داهاتووی ئەوان بە هەمان ئەندازەی داهاتووی هەموو کەسێک گرنگە."
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە واشنتن لە ئاستی باڵا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە رێزگرتن لە مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە سووریا، لە نێویاندا کورد و دروز.
 
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکام لەگەڵدایە، زۆر سوپاس مێنن کە میوانی رووداون. 
 
مێنن هیوستن: زۆر سوپاس. سوپاستان دەکەم کە میوانداریتان کردووم. ئەمە شەڕەفێکی گەورەیە. زۆر سوپاس.
 
رووداو: بێگومان، سەرەتا بە پرسیاکردن لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ترەمپ دەستپێدەکەین، شتی زۆر روودەدەن و گۆڕانێکی گەورەش لە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ئیدارەی پێشوو هەیە، دەتوانێت پێمانبڵێیت سەرنجی ئێوە لە سیاسەتی دەرەوە لەسەر چییە، لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، یان ئۆکراینا یانیش چین؟ دەتوانی لەسەر ئەمە روونکردنەوە بۆ بینەرەکانمان بدەی؟
 
مێنن هیۆستن: دەزانیت، من ئەم پرسیارەم زۆر بەدڵە، بەتایبەتی لەم رۆژەدا، چونکە ئێمە یادی یەکەم 100 رۆژی ئەم ئیدارەیە دەکەینەوە. کاتێکی خۆشە کە راستەوخۆ بوەستین و ببینین چی بەدەستهاتووە و لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا چ بڕێکی زۆر بەدەستهاتووە. ئێمە دەستکەوتی راستەقینە لە ناوخۆ و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەبینین. بێگومان ئەم ئیدارەیە بە فەرمانێکەوە لە گەلی ئەمریکاوە هات و دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمریکایەک ببینین کە سەلامەتتر و بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر بێت. ئەوەش تەنیا لە سیاسەتی ناوخۆیی نییە، بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەشدا. ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ئەو سیاسەتانەی کە دەرفەت، سەرچاوە و ئاسایشی ئابووری بە گەلی ئەمریکا دەدەن کە ئێمە لێرە شایستەی ئەو شتانەین و گەلی ئەمریکا ئەمە لەسەر سنوورەکانمان دەبینن، ئێمە دەبینین رێژەی پەڕینەوە نایاساییەکان بە رێژەی 95% دابەزیوە، ئەمە دەستکەوتێکی نایابە لە ناوخۆدا. لە سەرانسەری جیهاندا، ئێمە دەبینین سیاسەتی دەرەوەمان لەلایەن وەزیری دەرەوە روبیۆوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە هەموومان پێمانوایە زۆر نایابە و زۆر خۆی ماندوو دەکات. ئەو کارێکی سەرسووڕهێنیش دەکات.
 
رووداو: سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئایە ئەم ئیدارەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پشتگوێخستووە؟ چونکە بەشداری و بایەخی کەمدەبینین لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک نموونە لەگەڵ عێراق، یانیش سووریا و حکومەتی کاتیی سووریا، هەروەها پرسی شەڕی غەززەش، بۆیە دەپرسم، ئێوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستتان فەرامۆش کردووە، یانیش هێشتا ئەو فایلانە لەسەر مێزەکەی سەرۆکن؟ 
 
مێنن ھیوستن: دەزانیت، لەگەڵ رێزمدا، دەمەوێت بڵێم کە ئێستا بە هەموو شێوەیەک ئەوە رەتدەکەمەوە. مەبەستم ئەوەیە، ئەم ئیدارەیە بە وردی لەسەر ئاستی باڵا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کەسانی وەکو باڵیۆز ویتکۆف یان وەزیر یان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بنێرێت بۆ ئەوەی بەڕاستی سەرنجیان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت، رۆژ نییە سەرنجمان لەسەر ئیسرائیل و غەززە نەبێت، رۆژ نییە سەرنجمان لەسەر ئەوە نەبێت چۆن دەتوانین سەقامگیریی زیاتر و رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنین. ئێمە خوازیارین ئەو دۆخانە بێنە کایەوە کە بۆ ئاشتی و گەشەپێدانی ئابووریی زیاتر و پێشکەوتنەکانی ئاسایش دروست دەبن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن لە هەموو ئاستەکاندا، وەکو ئەوەی ئاماژەت پێدا لەبارەی سووریا و دەسەڵاتە کاتییەکان، ئێمە روونمان کردووەتەوە کە دەمانەوێت دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و کردارەکانیان ببینین، نەک تەنیا قسەکانیان. پێویستە سووریایەک ببینین کە جۆرێک سەرنجی لەسەر مافەکانی مرۆڤ بێت، سەرنجی لەسەر خەڵک بێت، کەمینە نەتەوەییەکان لە سووریا، سەرنجی لەسەر دڵنیابوون بێت کە ئیدی تیرۆریستانی بیانی پەیوەندییان بە رۆڵی فەرمی لە سووریادا نەبێت کە بە هەموو شێوەیەک دەستبەرداری تیرۆر ببن. ئەمە ئەو شتەیە کە دەمانەوێت لە دەسەڵاتی کاتیی بیبینین.
 
رووداو: باست لە سووریا کرد، کاتێک دێتە سەر سووریاش، دەبینین حکومەتی کاتیی سووریا مافەکانی کورد و دروزەکان و کەمایەتییەکانی دیکە نادات، تەنانەت ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی کوردیش رەتدەکەنەوە، کە ئێوە پشتیوانی لێدەکەن، بۆیە هەڵوێستی ئێوە چییە سەبارەت بە مافی کەمایەتییەکان، کورد و دروز لە سووریا؟
 
مێنن هیۆستن: ئێمە زۆر بە ئاشکرا باسی ئەمەمان کردووە. ئێمە دەمانەوێت سووریا ببینین کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. ئێمە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بەشدارین. دەتوانن ببینن گفتوگۆکان لێرە لە بەڕێوەبەرایەتی و لەلایەن کۆشکی سپی، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە روودەدەن بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە لە سووریا مافەکانی مرۆڤیان بە رێکوپێکی دەبینین. گرنگە کەمینە نەتەوەییەکان لە سووریا، وەکو ئەوەی ئاماژەت پێدا، ئێمە بیر لە دەنگیان دەکەینەوە، ئێمە بیر لە خێزانەکانیان دەکەینەوە، ئێمە بیر لە کۆمەڵگاکانیان دەکەینەوە، کە داهاتووی ئەوان بە هەمان ئەندازەی داهاتووی هەموو کەسێک گرنگە و، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێمە گفتوگۆمان هەیە کە ئێمە دەبات بەرەو ئەو هەنگاوە، کە ئەویش بە تەواوی ئەوەیە ئێستا ئێمە دەیکەین.
 
رووداو: با بچینە سەر عێراق، ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی سەقامگیری عێراق و بنکەی سەربازیشیان لەوێ هەیە، هەروەها پەیوەندی باشتان لەگەڵ هەولێر و بەغداش هەیە، بەڵام دەبینین کە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەیە، بێجگە لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەزیر بلینکنیش لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە، بەڵام بۆچی ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری تورکیا - عێراق دەستیپێنەکردووەتەوە، هەڵوێستتان لەوبارەوە چییە؟
 
مێنن ھیوستن: باشە، ئێمە بەڕێز روبیۆمان بینی بە روونی دەڵێت، دەیەوێت کەوتنەوە کاری بۆریی نەوتی عێراق تورکیا ببینێت. دەیەوێت ئەو دەستپێکردنەوە ببینێت. لە گرنگی ئەم سەرچاوەیە بۆ ناوچەکە تێدەگات، تێدەگات کە واتای چی دەبێت بۆ وەبەرهێنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئاخر کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەوێن، هاووڵاتییانی ئەمریکا لەوێن. دەمانەوێت ئەم سەرچاوەیە بەردەست بێت. دەزانین لە دوو ساڵی رابردوودا دابەزینمان بینیوە لە توانای کارکردنیدا. دەمانەوێت ئەوە بگۆڕین. بەڕێز وەزیر لەوبارەیەوە زۆر روون بووە.
 
رووداو: هەفتەی رابردوو جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لێرەبوون، وەزیر رۆبیو لەگەڵیدا باسی لە ئاسایشی عێراق کردبوو، دەشزانین لە عێراق ژمارەیەک گرووپی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە هەن، پرسیارەکەم ئەوەیە، داواتان لە عێراق کردووە ئەو گرووپانە هەڵبووەشێنێتەوە؟ هەڵوێستی ئەم ئیدارەیە سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق چییە، کە پێشتر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراقیش دەکردە ئامانج؟
 
میگنۆن هیوستن: وەزیر سەرنجی لەسەر عێراقێکە کە ئارام و سەقامگیر و جێگیر بێت. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی هاوکاریی ئاشتیمان لەگەڵ عێراق هەیە. ئێمە پەیوەندییەکی ئاساییمان لەگەڵ عێراق هەیە. دەزانین کە عێراق هاوبەشێکی بەهێزە لە ناوچەکەدا. ئێمە دەمانەوێت عێراقێک ببینین کە بتوانێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی داعش شکست پێبهێنێت. دەمانەوێت عێراقێک ببینین کە بتوانێت دڵنیایی بدات کە ئەوان سەلامەتن، کە هاووڵاتییەکانیان سەلامەتن. جا ئەمانە ئەو گفتوگۆیانەن کە لە هەموو ئاستێکدا دەیانکەین. دەزانین کە ئاسان نییە. بە یەک شەو روونادات، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە پابەندین پێیەوە و بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆی.
 
رووداو: ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە، وادەردەکەوێت پەیوەندییەکی باشتان هەبێت، ئێوە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق چۆن دەبینن، ئایە سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێ قسەتان لەگەڵ کردوون؟
 
مێنن هیوستن: راستە، ناتوانم وەڵامی پرسیاری کۆتایی بدەمەوە، بەڵام دەتوانم ئەوەت پێ بڵێم ئەم بۆرییە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ هەمووان. وەک ئاماژەت پێدا، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ گەلی کورد. ئەمە گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی ئەم بۆرییە دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ئەو وەبەرهێنانە بهێنین کە زیاتر ئاشتی و سەرچاوە و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتوو دەهێنێت، چونکە ئەوان شایستەی ئەوەن.
 
رووداو: بابچینە سەر پرسی ئێران، ئێوە دەستان بە گفتوگۆ یانیش دانوستاندن هەر ناوێکی دیکە هەیە لەگەڵ ئێران کردووە، لە دوو ژووری جیا دادەنیشن، بەڵام قسە لەگەڵ یەک دەکەن، دەتوانیت پێمبڵێت لە سێ گەڕی گفتوگۆکانی رابردوو لەگەڵ ئێران گەیشتوون بە چی، گەشبینن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆم بگەنە رێککەوتنێک؟
 
مێنن هیوستن: بڕوانە، سەرۆک ترەمپ مامەڵەکارە. دەتوانین بڵێین ئەوە یەکەم 100 رۆژە. ئەوە قسەیەکە هەمووان زۆر بە روونی دەیزانن. ئەو گوتوویەتی دەیەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ببینێت؛ ئەمە رێککەوتنێکی گرنگە، جا ئەو گوتوویەتی ئەگەر ئێران دەیەوێت رێککەوتنێک ببینێت، ئەوە لەسەر ئێرانە ئەمە رووبدات. ئێمە دەبینین ئەم گفتوگۆیانە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا روودەدەن. ئێمە دەبینین سەرنج خراوەتە سەر رێککەوتنێک و بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەرۆک هەموو سەرچاوەکانی ئێمەی بەکارهێناوە. "هەڵمەتی گوشاری زۆر" بۆ ئەوەیە سەرنج بخاتە سەر مەترسیی چەکی ئەتۆمی لە ئێران و ئەوە چی دەگەیێنێت و ئێمە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنین. هەروەها سەرنجی لەسەر گفتوگۆی دیپلۆماسییە. ئەم دوو بەرەیە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی لەلایەن ئەم ئیدارەوە کاریان لەسەر کراوە، سەرکردایەتیی ئەم ئیدارەیە، وەزیری دەرەوە روبیۆ، ئەو پشکی زیاتری بەردەکەوێت. جا ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین.
 
رووداو: زۆر باشە، جاری پێشوو، ئیدارەی یەکەمی ترەمپ، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە بە پاساوی ئەوەی رێککەوتنەکە گرووپە میلیشیاکان و پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی و پرسەکانی دیکەی نەگرتبووەوە، ئایە ئەمجارە ئێوە بەتەنیا باسی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن، یان پرسەکانی دیکەش دەگرێتەوە؟ 
 
مێنن هیستۆن: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. ئەمانە گفتوگۆی زیندوون کە ئێستا روودەدەن. نامەوێت پێشبینی هیچ هەستیارییەک بکەم لە دەوری گفتوگۆکان، بۆیە دەتوانم تەنیا قسەی سەرۆک دووبارە بکەمەوە کە زۆر بە دەنگی بەرز باسی لەوە کردووە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت؛ ئەمە زیانبەخش دەبێت بۆ ناوچەکە. ئەمە زیانبەخش دەبێت بۆ جیهان و دەبێت ئەوان دەستبەرداری بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەیان ببن. دەبێت دەست لە بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی دروستکردنی بۆمب هەڵبگرن؛ ئەمە شتێک نابێت کە خەڵکی ناوچەکە شایەنی بن. ئێمە دەمانەوێت باشتر ببینین و، دەمانەوێت زیاتر ببینین بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە و، بۆیە سەرۆک باسی لەم رێککەوتنە کردووە. ئەمە جەخت دەخاتە سەر هەڵمەتی زۆرترین فشار و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەم ئاستەدا.
 
رووداو: دواین پرسیارم، ئێوە هیچ خشتەیەکی کاتتان بۆ ئەو کۆبوونەوانە هەیە، تاوەکو کەی ئەو گفتوگۆیانەتان بەردەوام دەبن، هیچ دواکاتێک دیارکراوە، یانیش بەنیازن لە گفتوگۆکان بەردەم و بەردەوامبن؟
 
مێنن هیستۆن: راستە، دەزانیت، پێم وایە سەرۆکێکت هەیە کە مامەڵەکارە، ئەوەش ئەو شتەیە کە من جەختی لەسەر دەکەم. سەرۆکێکت هەیە کە زۆر باشە لە کارەکەی خۆیدا؛ ئەو دەزانێت چی دەکات. پێشوەخت ھیچ خشتەیەکی کاتی پێشنیاز ناکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێمە متمانەیەکی تەواومان ھەیە بەوەی سەرۆک ترەمپ دەتوانێت ئەمە تەواو بکات.
 
رووداو: زۆر سوپاس مێنن، کە میوانی رووداوبوویت، چاوم لەوەیە زیاتر بتبینینەوە. 
 
مێنن هیوستن: زۆر سوپاس، ئەم دەرفەتە دەنرخێنم و هەرکاتێک پێویست بوو دێمەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە