رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایدەگەیێنن، بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوی رووسیا، لانیکەم 31 کەس بریندار بوون. ئەوەش رۆژێک دوای رێککەوتنی کانزایی ئەمریکا و ئۆکراینا دێت.
رۆژی هەینی دووی ئایاری 2025، ئیڤان فیدۆرۆڤ، سەرۆکی هەرێمی زاپۆریژیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام گوتی، "29 کەس لە ئەنجامی هێرشێکی دووژمنەوە بریندار بوون. هەروەها منداڵیکی 13 ساڵیش لەنێو بریندارەکان دایە."
سەرۆکی هەرێمی زاپۆریژیا دەشڵێت، "رووسەکان ژێرخانی سڤیلی شارەکەیان کردووەتە ئامانج، زیانیان بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و زانکۆیەک گەیاندووە."
جگە لە هێرشەکەی سەر زاپۆریژیا، رووسیا بە درۆن هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک و بەوهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
سێرگی لیساک، سەرۆکی هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام رایگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دوو شوێنی هەرێمەکە و ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەتووە.
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینیاش بۆ سەر رووسیا بەردەوامن. وەزارەتی بەرگریی رووسیا دوێنێ شەو رایگەیاند، 121 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە کە زۆربەیان لە سنووری نیمچە دوورگەی کریمیا بوون.
هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکتری دوای ئەوە هات کە ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رێککەوتنی کانزاکان کە لەگەڵ ئەمریکا کردوویانە "سوودێکی یەکسان"ـی بۆ هەردوولا دەبێت، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنەکە هیچ گەرەنتییەکی ئەمریکی بۆ کیێڤ دەستەبەر نەکردووە.
زیلینسکی داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد، گوشارەکان بۆ سەر رووسیا زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ناچاری بکەن بێدەنگ بێت و گفتوگۆ بکات.
رۆژی چوارشەممە ئەمریکا و ئۆکراینا رێککەوتنی کانزاکانیان واژۆ کرد، کە 50٪ـی بەرهەمەکەی بۆ ئەمریکا دەبێت.
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام ئەو بەڵێنەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دای و رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، دەرکەوت کە خەیاڵە.
رۆژی سێشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی "پێشنیازێکی کۆنکریتی" نەخەنەڕوو، ئەوا لە هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پاشەکشە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ