جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داوا لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین زوو حکومەت پێکبێنن

02-05-2025
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر
هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هانی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان باشە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەو کارە تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان باش نییە، "بەڵکو بڕوامان وایە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی حکومەتی عێراق و بەغداشدایە. ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوتیش هەن کە پەرۆشن ئەو بۆرییە بکەوێتەوە کار". 
 
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن و چەندین بابەتی دیکەش وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر
 
رووداو: زۆر سوپاس ڤیکتۆریا تەیلەر کە میوانی رووداویت. ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی ئەم دەرفەتەم دەکرد. 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان. 
 
رووداو: با لە سەردانەکەی ئەم دواییەتان بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێبکەین کە چوویتە کۆڕبەندی سلێمانی. چ پەیامێکتان هەبوو بۆ ئەو کەسانەی لە کوردستان بینیتن و لەگەڵیان کۆبوویتەوە؟ لە سەردانەکەتدا چیتان لەگەڵ باسکردن؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: بەڵێ، بەم دواییانە لە عێراق بووم. دەرفەتی ئەوەم هەبوو سەردانی هەولێر و سلێمانی بکەم و لە پانێڵێکی کۆڕبەندی سلێمانی بەشدار بم. کاتێک لەوێ بووم، توانیم چاوم بە کۆمەڵێک بەرپرسی کورد بکەوێت، لە نێویاندا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی. هەروەها دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی کۆببمەوە. بۆیە بە بڕوای من، توانیم گفتوگۆی باش و ئەرێنیم لەگەڵ هەموو سەرکردەکان هەبێت. هەمیشە سەرنجی گفتوگۆکە لەسەر گرنگیی هاوبەشیی ئەمریکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ ئێمە دەتوانین چیبکەین نەوەک تەنیا بۆ ئەوەی بەردەوامی پێ بدەین، بەڵکو بۆ ئەوەی بەهێزیشی بکەین. هەروەها هەندێ پرسی سەرەکی هەن کە سەرنجمان لەسەریان بووە. یەکەم، بەردەوام داوا لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین خێرا هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبێنن. ئەوە کارێکی گرنگە، نەوەک تەنیا بۆ بەدیهێنانی کارە گرنگەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵکو پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی عێراقدایە کە بە زووترین کات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
 
رووداو: لە پەراوێزی کۆڕبەندی سلێمانی، چاوت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. ئێوە لە هەولێر نا، بەڵکو لە سلێمانی لەگەڵی کۆبوونەوە. چیتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس کرد؟ باستان لە چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، بەوپێییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەم پڕۆسەیەی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە دەکات؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: باسم لە هەندێ پرسی نزیک لە یەک کرد بە درێژایی سەردانەکەم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، لە نێویاندا لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی کورد، سەرنجم لەسەر پێکهێنانی خێرای حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو؛ هەروەها دەرفەتم هەبوو قسە لەسەر کارە لە پێشینەکانم بکەم لەبارەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە، لەوانەش سووریا؛ هەروەها تیشکخستنە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانمان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا وەگەڕبخرێتەوە. ئەمە کارێکی لەپێشینەیە، نەوەک تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بڕوامان وایە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی حکومەتی عێراق و بەغداشدایە. ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوتیش هەن کە پەرۆشن ئەو بۆرییە بکەوێتەوە کار. 
 
رووداو: لەم سەردانەتان بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی عێراقی کۆبوونەوە یان سەردانی  بەغدادتان کرد؟ 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: سەردانی بەغدام نەکرد، بەڵام دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی کۆببمەوە؛ هەروەها دەرفەتی ئەوەم هەبوو باس لە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق بکەم کە ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی بەهێزی بکەین. سەرنجەکە لەسەر ئەوە بوو کە چۆن پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بونیادبنێین و بەهێزیان بکەین. بێگومان بەغدا بەم دواییە میوانداریی شاندێکی گەورەی کۆمپانیاکانی ئەمریکای کرد بە سەرکردایەتیی ژووری بازرگانیی ئەمریکا – عێراق، واتە زۆر دەرفەت دەبینین، لە بەغدا و لە هەرێمی  کوردستانی عێراقیش بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدۆزینەوە تاوەکو ئەو پەیوەندییە ئابوورییانە فراوان بکرێن. 
 
 
رووداو: باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانت کرد. ئەمە پرسێکە نزیکەی دوو ساڵە هەیە، هاوکات ئەم ئیدارەیە زۆر سەرنجی لەسەر ئەم بابەتەیە. بۆیە بە تێگەیشتنی ئێوە، بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان یان تورکیا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە ناکەن؟ هەمووان دەڵێن ئێمە رازین و خەریکە دەست پێدەکەین، بەڵام دەستیش پێناکەن. کێشەکە لە کوێدایە؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: بەڵێ، ئەمە زۆر ئاڵۆزتر بووە لەوەی هیچ کەس بە دڵی بێت. مانەوەی بۆریەکە بە داخراوی بۆ ماوەی دووساڵ، کاتێکی درێژە. ئەوە زیانی ئابووری هەیە نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیاکان، بەڵکو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراقی فیدراڵیش. بۆیە ئێمە پەرۆشین بزانین ئایا هیچ رێگەیەک هەیە بۆ بەدەستهێنانی سازان لەنێوان هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی بۆرییەکە وەگەڕبخرێتەوە. بەداخەوە ئەو سازشە تائێستا بەدەستنەهاتووە، بەڵام بەردەوامین لە هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هێندەی پێیان بکرێت، هەڵوێست نەرم و بونیادنەرانە بن لەم گفتوگۆیانەدا. 
 
رووداو: با بێینە سەر باسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێوە لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە جیاکان کۆبوونەوە. چاوت بە سەرۆک بارزانی و سیاسەتمەدارە جیاوازەکان کەوت.  هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟ ئایا ئامادەیی هەردوو لایەنتان بینی تاوەکو حکومەتێکی یەکگرتوو دروستبکەن؟ ئێوە لەگەڵیان سەر هێڵن تاوەکو ئەو حکومەتە یەکگرتووە دروست بێت؟ 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: بەڵێ بێگومان، بەردەوامین لەوەی هانی هەموو لایەک بدەین بەخێرایی کار بکەن بۆ دۆزینەوەی زەوینە و پێگەیەکی هاوبەش کە پێویستە بۆ پێکهێنانی کابینە. پێم وایە لە رێگەی گفتوگۆکانم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لەو بڕوایەدام تێگەیشتنێکی جیدی هەیە کە پێکهێنانی حکومەت بە زووترین کات لە بەرژەوەندیی خەڵکە و لە بەرژەوەندی هەردوو پارتەکەشە. بۆیە هیوادارین ئەوان بتوانن بەزووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنن، بەڵام بێگومان ئێمە گوێمان لەوە بوو کە گفتوگۆکان بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا گوێمان لە پەیامی گەشبینیانە و ویستێکی راستەقینە بوو لەلایەن هەموو پارتەکان کە قسەمان لەگەڵ کردن، بۆ پێکهێنانی حکومەت. 
 
رووداو: ئەی بۆچوونتان چییە لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە و پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان؟ 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: بە روونی ئەمانە بابەتگەلێکی زۆر ئاڵۆزن و ئێمە بەردەوام هانی هەردوو بەغدا و بەرپرسانی هەولێر دەدەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک. بە روونی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام مووچەی هەبێت. هەروەها پێمان وایە ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراقی فیدراڵیشدایە کە هەرێمێکی کوردستانی عێراقی بەهێز و پتەوی هەبێت. 
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر عێراق. هەفتەی رابردوو، ئێوە لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە. ئایا لەو کۆبوونەوانەدا باستان لە پرسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق کرد؟  ئایا ئەم ئیدارەیە داوای لە عێراق کردووە ئەو گرووپە میلیشیایانە هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی وەڵامی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نادەنەوە؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: راستییەکەی بێگومان، ئەوە هەڵوێستێکی درێژخایەنی ئەمریکایە کە نیگەرانی هەیە لەبارەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە ئێمە وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشانمان کردوون کە لەناو حەشدی شەعبیدا هەن. هەمیشەش گوتوومانە، چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی، حکومەتی عێراق پێویستە هەنگاو بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە. ئەوەش تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نییە؛ ئێمە پێمان وایە ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراقیشدایە. ئەم گرووپانە هیچ رۆڵێک ناگێڕن لە پاراستنی ئاسایشی عێراق. 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان ناوە؟ ئێوە هیچ هەنگاوێکتان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە لێ بینیوون تاوەکو ئەم گرووپانە بخەنە ژێر چەتری حکومەتی عێراق؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەوە، بێگومان، گفتوگۆیەکی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەمانە لەبارەی نەوەک تەنیا چۆن عێراق دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ بەهێزکردن، سەقامگیری و سەروەریی خۆی، بەڵکو چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە پێشخستنی هاوبەشیی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق و ئەو گفتوگۆیانەش بەردەوامن.
 
رووداو: دوا پرسیارم. ئەمریکا ئێستا هیچ باڵیۆزێکی لە عێراق نییە؟ بەربژێرێک هەبوو کە لەلایەن سەرۆک بایدن وەک باڵیۆز لە عێراق دیاری کرا، بەڵام کۆنگرێس پەسندی نەکرد. کەواتە، ئایا بەم زووانە باڵیۆزێکی نوێ لە عێراق دەبینین؟ ئێوە باسی ئەم بابەتەتان کردووە؟ بەبۆچوونی ئێوە، نەبوونی باڵیۆز لە عێراق لەم کاتە گرنگەدا چ رەنگدانەوەیەکی دەبێت؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: بێگومان، من بە تەواوی پێشبینی ئەوە دەکەم کە کۆشکی سپی باڵیۆزێک بۆ عێراق بەربژێر بکات، بەڵام ئێستا هیچ هەواڵێکم بۆ ئێوە نییە. بەڵام ئەمە، بێگومان، پەیوەندییەکی زۆر گرنگە و ئێمە بە بایەخەوە دەیبینین. 
 
رووداو: پرسیارەکانی من زۆرن و کاتی ئێوەش کەم، بەڵام چاوم لەوەیە جارێکی دیکە لە رووداو بتبینمەوە.
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: زۆر سوپاس، دیار
 
رووداو: زۆر سوپاس. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە