رووداو دیجیتاڵ
عادل محەممەد، گەنجێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان و خەڵکی شاری کۆبانییە، لە ئاسمانی ئەڵمانیا چیرۆکێکی سەرکەوتن دەنووسێتەوە، بەڵام چاوی لە ئاسمانی نیشتمانەکەیەتی و دەڵێت، "خەونم ئەوەیە لەناو هێزێکی سەربازیی کوردیدا کار بکەم."
عادل محەممەد موسلیم، کە ئێستا نیشتەجێی شاری برێمنی ئەڵمانیایە، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، خوێندنی لە بواری ئەندازیاریی فڕۆکەوانی و ئەکادیمیای فڕۆکەوانی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و بوو بە فڕۆکەوان.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، عادل محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی 9 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و لەو ماوەیەدا خەون و بڕوای هەرە گەورەی ئەوە بووە ببێتە فڕۆکەوان. ئەو دەڵێت، "بڕیارم دا ئەم خەونەم بەدی بهێنم، زۆر هەوڵم بۆ دا و خۆم ماندوو کرد تا گەیشتمە ئامانجەکەم." ئەو خەونەی لە منداڵیدا و لە کۆڵانەکانی کۆبانێیەوە لە دڵیدا چەکەرەی کردبوو، لە ئەڵمانیا و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بوو بە راستی.
تەنیایی و کۆرۆنا؛ ئاستەنگەکانی بەردەم عادل
رێگەی سەرکەوتنی عادل بێ کۆسپ نەبووە. ئەو باسی ئەو سەختییانە دەکات کە لە کاتی خوێندندا رووبەڕووی بوونەتەوە و دەڵێت، "گەورەترین ئالنگاری بۆ من تەنیایی بوو؛ لە تەواوی قۆناغی خوێندندا لە کۆلێژەکەم تاقە خوێندکاری کورد بووم." جگە لەوەش، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2021دا کارەکەی لێ قورستر کردووە، چونکە خوێندن بووە بە ئۆنلاین، ئەمەش بۆ بوارێکی تەکنیکی وەک فڕۆکەوانی بارێکی گران بوو. بەڵام عادل بە سووربوونەوە بەردەوام بوو و سێ مانگ لەمەوبەر بڕوانامەی ئەندازیاری و فڕۆکەوانیی بەدەستهێنا.
ئاڵای کوردستان لە ئاسمانی برێمن
ئەم فڕۆکەوانە کوردە دەڵێت، یەکێک لە خەونە هەرە بەنرخەکانی ئەوەیە رۆژێک لە ئاسمانی کوردستاندا بفڕێت، چ بەسەر کۆبانێ بێت یان هەولێر. عادل دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیم ئەوە بوو ناوی کوردستان و ئاڵاکەی لە هەموو شوێنێکی جیهان بەرز بکەمەوە. من یەکەم فڕۆکەوانی کوردم لە برێمن کە بە شێوەیەکی فەرمی کار دەکەم. لە کاتی فڕینەکانمدا هەمیشە ئاڵای کوردستان لەناو فڕۆکەکەدا دادەنێم، ئەمە هێز و ورەیەکی زۆرم پێ دەبەخشێت. زۆرجاریش لە کاتی فڕیندا گوێ لە گۆرانییەکانی مەم ئارارات دەگرم."
پەیامێک بۆ گەنجانی کورد
لە کۆتایی قسەکانیدا، عادل محەممەد پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی کورد لە تاراوگە کرد و گوتی، "بخوێنن و خۆتان بە زانست پێشبخەن و بڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنن. پێویستە لەبیرمان نەچێت کە زۆربەمان رۆژێک دەگەڕێینەوە کوردستان، وڵاتەکەشمان پێویستی بە مرۆڤی خاوەن پسپۆڕی و شارەزا هەیە."
سەبارەت بە پلانەکانی داهاتووی، عادل ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەوەیە تەکنەلۆژیای نوێی فڕۆکەوانی بهێنێتە کوردستان و لەناو هێزە سەربازییەکاندا پەرەی پێ بدات. ئێستاش پلانی هەیە دەست بە خوێندنی ماستەر بکات و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی لە بواری سەربازیدا پسپۆڕییەکەی قووڵتر بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ