رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی ویلایەتی ماین تانەی لەو بڕیارە دا کە دادگە لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دەریکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە، ترەمپ ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەکانی پارتەکەی لە ویلایەتەکە بکات.
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2024، دەستەی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، تانەیان لە بڕیارەکەی دادگەی ماین داوە "بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی ماین دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئەو بڕیارە بدات و کاتێک کە بڕیاری دوورخستەوەی ترەمپی دا، تەواو دەستووری ئەمریکای پێشێلکرد".
رۆژی 28-11-2023، شێنا بیلۆس، سکرتێر و بەرپرسی باڵای هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی ماین لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریدا ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتەکە دووربخاتەوە.
بیلۆس گوتیشی، "دەستووری ئەمریکا لێبوردە نییە بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر بەردی بناخەی حکومەت و یاسای ماینیش ناچارت دەکات هەڵوێستت بەرامبەر بەو کردەوانە هەبێت".
رۆژی 20-11-2023 دادگەی ویلایەتی کۆلۆرادۆ بڕیاریدا کە ترەمپ ناتوانێت وەک بەربژێری پارتەکەی، خۆی لە ویلایەتەکە بەربژێر بکات و بەوە تۆمەتباری کرد کە لە هێرشکردنە سەر کۆنگرێسیش تێوەگلاوە.
هەردوو ویلایەتەکە، ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە مادەی 14ـی دەستووری ئەمریکای پێشێلکردووە.
ئەو مادەیەی دەستووری ئەمریکا کە ترەمپی پێ تۆمەتبار کراوە دەڵێت، نابێت هیچ کەسێک ببێت بە سیناتۆر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران یان بەربژێر بۆ سەرۆکی ئەمریکا و جێگری سەرۆک کە بە یاخیبوون دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێوەگلابێت.
بڕیارەکەی دادگە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی ئاداری ساڵی داهاتووی کۆمارییەکانە لە کە تێیدا کۆمارییەکان بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵدەبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ