رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا داوای دانبەخۆداگرتن و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات. ئەم داوایە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان لە هێرشێکی بەرفراواندا دەستگیر کردووە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی فەرمیی بلۆکە ئەورووپییەکەی بڵاوکردەوە و گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا چەندین جار رایگەیاندووە کە بەڕێز مادورۆ رەوایەتی نییە و ئێمە هەمیشە بەرگریمان لە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات کردووە."
کالاس گوتی، "پێویستە لە هەر دۆخێکدا رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێ؛ ئێمە داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین تاوەکو دۆخەکە پەرە نەسێنێت."
هێزەکانی ئەمریکا ئەم بەرەبەیانییە لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا مادورۆ و هاوژینەکەیان لە کاراکاس دەستگیرکرد.
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. لە کاتێكدا هەندێک وڵات بە "بەرەبەیانێکی نوێ" بۆ ڤەنزوێلا ناوی دەبەن، هاوپەیمانەکانی کاراکاس بە "دەستدرێژیی سەربازی" ناوی دەبەن.
لە دوای هەڵبژاردنە مشتومڕاوییەکانی ساڵی 2024ى ڤەنزوێلا، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئەنجامەکە بە ناڕەوا دادەنێت و داوای لە مادورۆ کرد رێز لە ویستی گەلەکەی بگرێت.
لەو کاتەوە برۆکسل چەندین سزای ئابووریی بەسەر سەرکردایەتیی ڤەنزوێلادا سەپاندبوو، بەڵام هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دیپلۆماسی و گفتوگۆ تەنیا رێگەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، نەک هێزی سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ