رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ راگرتنی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و رێگریکردن لە کەسێکی هاوشێوەی "مادورۆ" لە بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئەو وڵاتە و توانییان خۆی و هاوژینەکەشی دەستگیر بکەن و بیگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.
دوای مانگێک لە گوشاری سەربازی و ئابووری، رۆژی شەممە، 03-01-2026، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکان لە ڤەنزوێلا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریداوە راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی دەکرد.
مادورۆ لە ژێر دەستی ئەمریکایە
ترەمپ لە یەکەم لێدوانیدا دوای ئۆپەراسیۆنەکە بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ئۆپەراسیۆنێکی نایابمان کرد، مادورۆ و هاوژینەکەی (سیلیا فلۆرێس) دەستگیر کراون و براونەتە دەرەوەی وڵات."
سەرۆکی ئەمریکا پاساوی بۆ هێرشەکە هێنایەوە و گوتی: "دەبوو ئەم ئۆپەراسیۆنە بکەین، چونکە لە شەڕدا بووین. رێگە نادەین کەسێکی هاوشێوەی مادورۆ ڤەنزوێلا بەڕێوەببات. ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا کردوویەتی شیاوی لێخۆشبوون نییە."
ترەمپ رایگەیاند هەفتەیەک لەمەوبەر هۆشداری داوەتە مادورۆ و پێی گوتووە "خۆت رادەست بکە"، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوون "شتێک بکەن."
"ئاشتیمان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاندەوە"
ترەمپ هێرشەکەی وەک پەیامێکی بەهێز بۆ جیهان وەسفکرد و گوتی: "ئێستا وڵاتەکەمان رێز لێگیراوە و چی دیکە کەس ناتوانێت پێمان پێبکەنێت. ئەگەر من هەڵنەبژێردرامایە، رەنگە ئێستا ئەمریکا نەمابایە."
سەرۆکی ئەمریکا ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەستەوە بە سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوتی: "بە ئۆپەراسیۆنەکەمان بۆ سەر ئێران، ئاشتیمان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاندەوە و کۆتاییمان بە هەڕەشەی زۆر کەس هێنا وەک قاسم سولەیمانی و ئەبوبەکر بەغدادی."
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە؛ 75 خولەک بۆردوومان
هێرشەکان کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بەکاتی کاراکاس دەستیانپێکردووە و تاوەکو 03:15 بەردەوام بوون. فڕۆکە و مووشەکەکانی ئەمریکا پێگە هەستیارەکانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە:
بنکەی سەربازیی (فۆرت تیونا) لە باشووری کاراکاس، کە گەورەترین کۆمەڵگەی سەربازییە و وەزارەتی بەرگری تێدایە.
بنکەی ئاسمانیی (لا کارلۆتا) لە رۆژهەڵاتی کاراکاس.
ناوچەکانی لا گوایرا، ماراکای و هیگیرۆتی سەر بە دەریای کاریبی.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە "مەشق و راهێنانی تەواویان کردبوو" و هیچ سەرباز، فڕۆکە یان هێڵیکۆپتەرێکیان لەدەست نەداوە، تەنیا هێڵیکۆپتەرێک زیانی بەرکەوتووە و چاککراوەتەوە.
جەنگی هۆشبەر و نەوت
ترەمپ بەشێکی زۆری هۆکاری هێرشەکەی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیی مادەی هۆشبەر گەڕاندەوە و گوتی: "ساڵانە 300 هەزار کەس بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە لەدەستدەدەین و مەکسیک لەلایەن باندەکانی مادەی هۆشبەرەوە بەڕێوەدەبرێت. رێگە نادەین بێتە نێو وڵاتەکەمان."
لەبارەی داهاتووی نەوتی ڤەنزوێلاش، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی گوتی: "لە پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلادا بەشدار دەبین." سەبارەت بە کاردانەوەی چینیش، دڵنیایی دا "هیچ کێشەیەک دروست نابێت و پەکین لاریی نابێت، چونکە نەوتەکەیان بۆ دەڕوات."
داهاتووی ڤەنزوێلا
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی وڵاتەکە، ترەمپ رایگەیاند بیر لە دانانی (ماریا کۆرینا ماچادۆ)، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن دەکەنەوە وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا و هۆشداریدا "داهاتوو بۆ دڵسۆزەکانی مادورۆ زۆر خراپ دەبێت." هەروەها رایگەیاند "ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆن" ئەگەر پێویست بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە رووسیا، ئێران و کووبا بە تووندی ئۆپەراسیۆنەکەیان سەرکۆنە کردووە؛ جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلاش داوای "بەڵگەی مانەوە لە ژیان"ـی بۆ مادورۆ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ