رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای لەلایەن هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەیەوە گێڕایەوە و دەڵێت، بەشێوەی راستەوخۆ تەماشای ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە: "هێز و خێراییەکە" وەک بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی وابوو.
رۆژی شەممە 03-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە تێیدا مادورۆ و هاوژینەکەی لە کاراکاس دەستگیر کران و گوازرانەوە بۆ سەر کەشتییەکی دەریایی، تاوەکو دواتر رەوانەی نیویۆرک بکرێن.
ترەمپ کە لە کۆشکەکەی خۆی لە مارالاگۆ (فلۆریدا) سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە، گوتی: "هەرگیز شتی وام نەبینیوە. توانیم بە شێوەی راستەوخۆ تەماشای بکەم. بە وشەی تەواو وەک ئەوە بوو سەیری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بکەم، ئەگەر خێرایی و تووندوتیژییەکەتان بدیبایە [سەرسام دەبوون]."
قەڵاکە و ژوورە پۆڵایینەکە
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە شوێنی مانەوەی مادورۆ وەک "قەڵایەک" وا بووە، بەڵام هێزەکان توانیویانە بچنە ژوورەوە.
ترەمپ گوتی: "شوێنەکەی دەرگای پۆڵایینی هەبوو، شتێکیان هەبوو پێی دەگوترێت (پەناگەی ئارام) کە هەمووی بە پۆڵای ئەستوور دەوری گیراوە. مادورۆ هەوڵی دەدا بچێتە ئەو ژوورە و خۆی حەشار بدات، بەڵام هێندە خێرا پەلامار درا، فریای داخستنی ئەو دەرگایە نەکەوت."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە تیمەکانی ئەمریکا "بڕەڕی گەورەیان پێ بوو بۆ بڕینی پۆڵاکان، بەڵام پێویستمان پێیان نەبوو."
زیانەکان و هۆشداری
سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دا لەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکوژراوە و تەنیا "چەند کەسێک پێکران، بەڵام گەڕاونەتەوە و دۆخیان باشە." ئاماژەی بەوەش کرد هێڵیکۆپتەرێکیان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئەویش گەڕێنراوەتەوە.
سەبارەت بە کاتەکەی، ترەمپ گوتی سەرەتا بڕیاربوو چوار رۆژ لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی "کەشوهەواوە" تاوەکو رۆژی شەممە دواخرا.
ترەمپ گوتی: "ئەمە پەیامێک دەدات کە چیتر وەک وڵاتێک رێگە نادەین یاری بە چارەنووسمان بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، پام بۆندی، وەزیری دادی ئەمریکا رایگەیاند، مادورۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوژینی لە دادگەی باشووری نیویۆرک رووبەڕووی لیستێک تۆمەت دەبنەوە، لەوانە "پیلانگێڕیی تیرۆری مادەی هۆشبەر، هێنانی کۆکایین و بەکارهێنانی چەک."
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ناتوانیت خۆت لە دادپەروەریی ئەمریکا بۆ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بشاریتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی لە کۆشکێکدا لە کاراکاس دەژیت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ