رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا دوای راگەیاندنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن ئەمریکاوە، داوای "دانبەخۆداگرتن" دەکات و جەخت لە رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی دەکاتەوە؛ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکەش دەڵێت: "مادورۆ شەرعییەتی نەبوو."
رۆژی شەممە 03-01-2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئێکس نووسیویەتی: "یەکێتیی ئەورووپا چەندین جار رایگەیاندووە کە بەڕێز مادورۆ شەرعییەتی نییە و بەرگری لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات کردووە لە ڤەنزوێلا."
سەرەڕای ئەوە، کالاس سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی: "لە هەموو بارودۆخێکدا، دەبێت رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت. ئێمە داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین."
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا، هەمان پەیامیان دووپات کردەوە.
ڤۆن دێر لاین رایگەیاند: "لەگەڵ گەلی ڤەنزوێلاین و پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتیانە و دیموکراسی دەکەین؛ هەر چارەسەرێک دەبێت رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت."
کۆستاش ئاماژەی بەوە کرد، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکات و داوای "هێورکردنەوە"ـی دۆخەکە دەکات.
کایا کالاس ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە ڤەنزوێلا و "سەلامەتیی هاووڵاتییانی یەکێتییەکە خاڵی هەرە لەپێشینەیە."
یەکێتیی ئەورووپا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ـی ڤەنزوێلای رەتکردووەتەوە کە تێیدا مادورۆ بۆ خولی سێیەم مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ