رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پەیامێکی بەپەلەدا رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ڤەنزوێلا، کاراکاسی پایتەختی ئەو وڵاتە "بە مووشەک بۆردوومان دەکرێت". پێترۆ لە پەیامەکەیدا، کە وەک "ئاگادارییەک بۆ هەموو جیهان" ناوی دەبات، داوای کۆبوونەوەی دەستبەجێی رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە دەکات.
رۆژی شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئێستا بۆردوومانی کاراکاس دەکەن. ئاگادارییەک بۆ هەموو جیهان، هێرشیان کردووەتە سەر ڤەنزوێلا."
سەرۆکی کۆلۆمبیا ئاماژەی بەوەش کرد کە بە "مووشەک" بۆردوومانی کاراکاس دەکرێ و داوای کرد دەستبەجێ "رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان" کۆببنەوە.
رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، دەستەیەکی نێودەوڵەتیی هەرێمییە کە لە ساڵی 1948 بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی ئەمریکادا دامەزراوە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی کاژێر 2:00 بە کاتی ناوخۆی ڤەنزوێلا (کاژێر 9:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر)، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند. هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، دەنگی فڕینی فڕۆکە بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی بیسترا، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتووانی پایتەختدا دروستکرد.
بە گوتەی شایەتحاڵان، لانیکەم دەنگی 7 تەقینەوەی گەورە و یەک لەدوای یەک لە زۆربەی گەڕەکەکانی کاراکاس بیستراوە. یەکێک لە ئەنجامە راستەوخۆکانی ئەم رووداوە، پچڕانی کارەبای نیشتمانی بوو لە بەشی باشووری شارەکە، کە بنکەیەکی سەربازیی گەورەی ڤەنزوێلای لێیە.
دوابەدوای رووداوەکە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیاندا ساتەوەختی تەقینەوەکان دەردەکەون. لە ڤیدیۆکاندا، رووناکییەکی گەورە ئاسمانی شارەکە دادەگرێ و دەنگدانەوەی گەورەی تەقینەوەکان بە روونی دەبیسترێ.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدان. حکومەتی ئەمریکا پێشتر هێزێکی دەریایی گەورەی وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە ناوی "دژە مادە هۆشبەرەکان" رەوانەی دەریای کاریبی کردبوو. بەرپرسانی واشنتن چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "هەموو بژاردەکان" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی و ئابووریی ڤەنزوێلا لەسەر مێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ