ترەمپ: لە هێرشێکی بەرفراواندا مادۆرۆ دەستگیرکرا و لە ڤەنزوێلا برایە دەرەوە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ڤەنزوێلا ئەنجامداوە و بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە. ترەمپ بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی دەستگیرکراون و بۆ دەرەوەی وڵات گوێزراونەتەوە.

رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ پەیامێکی لەبارەی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ڤەنزوێلا بڵاوکردەوە.

ترەمپ لەوبارەیەوە نووسی، "ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و تێیدا سەرکردەکەی، سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و برانە دەرەوەی وڵات."

وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە "بە پشتبەستن بە هێزی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە."

راگەیاندنەکەی ترەمپ دوای چەند کاژێرێکی پڕ لە گرژی و نادڵنیایی هات کە تێیدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی کاژێر 2:00 بە کاتی ناوخۆ واتە 09:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی سووڕاونەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتوواندا دروستکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند کە جگە لە کاراکاس، دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلاریش کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی "هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای رەتکردەوە و بە زۆر مەترسیدار" ناویبرد. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهانی، بەتایبەتی لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی. 

هەروەها، حکومەتی ڤەنزوێلا ئامانجی سەرەکیی هێرشەکەی بۆ "دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی ڤەنزوێلا" گەڕاندەوە.

لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە داوای لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد کە پلانی خۆپێشاندانی جەماوەری بۆ رەتکردنەوەی ئەم "دەستدرێژییە" چالاک بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی ڤەنزوێلا دژی داگیرکەران دەوەستێتەوە.

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس لە ماوەی رابردوودا لە لوتکەدا بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی "دژە مادە هۆشبەرەکان" رەوانەی دەریای کاریبی کرد، هاوکات بەرپرسانی واشنتن چەندین جار دووپاتیان کردبووەوە کە "هەموو بژاردەکان" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ڤەنزوێلا لەسەر مێزن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ترەمپ و مادورۆ

ترەمپ: خۆمان ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و نەوتەکەی دەردەهێنین

سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی ئەو شەوە باس دەکات تێیدا چوونە نێو "قەڵا پۆڵایینەکەی" مادورۆ. ترەمپ دەڵێت، ئەمەریکا خۆی راستەوخۆ ئیدارەی ڤەنزوێلا دەدات تاوەکو کاتی گواستنەوەی دەسەڵات و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت دەنێرێتە ئەو وڵاتە.