رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە 3-01-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی کتوپڕدا دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆککۆماری ڤەنزوێلای راگەیاند. ئەم هەواڵە کۆتایی بە سەردەمی دەسەڵاتی یەکێک لە مشتومڕاویترین سەرکردەکانی جیهان هێنا، کە لە 13 ساڵی رابردوودا بە تووندترین شێوە رووبەڕووی سیاسەتەکانی واشنتن بووەوە.
سەرەتای ژیان و کاری سیاسی
نیکۆلاس مادورۆ مۆرۆس لە 23ی تشرینی دووەمی 1962 لە شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا لەدایکبووە.
مادورۆ لە خێزانێکی چینی مامناوەند گەورە بوو و لە تەمەنی گەنجیدا وەک شۆفێری پاس لە کۆمپانیای میترۆی کاراکاس دەستی بە کارکردن کرد. سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا هەر لەو کاتەوە خولیای سیاسی هەبوو و بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سەندیکای کرێکارانی میترۆ، ئەمەش رێگەی بۆ خۆش کرد تاوەکو بێتە نێو جیهانی سیاسەتەوە.
ژیانی مادورۆ لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆوە بینی، کاتێک پەیوەندی بە هۆگۆ چاڤێز، سەرۆکی ئەو کاتی ڤەنزوێلا کرد.
مادورۆ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (بزووتنەوەی کۆماری پێنجەم) و رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە جۆشدانی جەماوەر بۆ پشتگیریکردنی چاڤێز، بەتایبەت دوای ئەوەی چاڤێز بەهۆی هەوڵێکی کودەتاوە لە ساڵی 1992 خرایە زیندانەوە. دڵسۆزیی بێپایانی مادورۆ وایکرد ببێتە یەکێک لە متمانەپێکراوترین کەسایەتییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی چاڤێز.
گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵات
دوای ئەوەی هۆگۆ چاڤێز لە ساڵی 1999 دەسەڵاتی گرتە دەست، مادورۆ چەندین پۆستی گرنگی پێ سپێردرا.
مادورۆ وەک سەرۆکی پەرلەمان و دواتر بۆ 7 ساڵ لە نێوان 2006 بۆ 2013 وەک وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا کاری کرد. لەو ماوەیەدا مادورۆ توانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا، چین، ئێران و کوبا بەهێز بکات.
لە تشرینی یەکەمی 2012دا چاڤێز، مادورۆی وەک جێگری سەرۆک دەستنیشان کرد. پێش مردنی چاڤێز بە نەخۆشیی شێرپەنجە، لە دوایین گوتاری تەلەڤزیۆنیدا داوای لە گەلی ڤەنزوێلا کرد کە ئەگەر شتێکی بەسەردا هات، دەنگ بە مادورۆ بدەن وەک جێگرەوەی. ئەم راسپاردەیە رێگەی بۆ مادورۆ خۆش کرد تاوەکو لە نیسانی 2013 لە هەڵبژاردنێکدا بە سەرۆککۆماری ڤەنزوێلا هەڵبژێردرێت.
سەردەمی قەیرانەکان و ململانێ لەگەڵ واشنتن
سەردەمی سەرۆکایەتیی مادورۆ شایەتی یەکێک لە قورسترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخ بووە. بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، گەندەڵیی کارگێڕی و گەمارۆکانی ئەمریکا، ڤەنزوێلا تووشی هەڵاوسانێکی خەیاڵی بوو. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 7 ملیۆن هاووڵاتی ڤەنزوێلی کۆچ بکەن و وڵاتەکەیان جێبهێڵن.
ململانێی مادورۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی 2019دا گەیشتە لووتکە، کاتێک واشنتن و دەیان وڵاتی دیکە خوان گوایدۆیان وەک سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین ناسی. بەڵام مادورۆ بە پاڵپشتیی سوپا و گوروپە چەکدارەکانی ناوخۆ توانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا مادورۆی بە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و تیرۆریزم تۆمەتبار کرد و بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ دەستگیرکردنی دیاری کرد.
ساڵی 2025 و ئۆپۆراسیۆنی "رمی باشوور"
دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، گوشارەکان بۆ سەر حکومەتەکەی مادورۆ چەند بەرامبەر زیادیان کرد.
ئەمریکا ئۆپۆراسیۆنی "رمی باشوور"ی بە جێگیرکردنی 15,000 سەرباز لە دەریای کاریبی دەستپێکرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپۆراسیۆنە تووندکردنی گەمارۆی سەر ڤەنزوێلا بوون.
لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا، فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین هێرشیان کردە سەر ئەو بەلەمانەی کە گوایە مادە هۆشبەرەکانیان دەگواستەوە.
مادورۆ هەمیشە ئەم هەوڵانەی بە "جەنگی ئیمپریالیزم" دژی گەلەکەی ناودەبرد و جەختی دەکردەوە کە ئەمریکا تەنیا چاوی لە یەدەگی نەوتی وڵاتەکەیەتی. بەڵام دۆخی ناوخۆیی و لاوازبوونی پشتیوانیی سوپا، مادورۆی خستە ناو تەنگژەیەکی بێوێنەوە.
ساتەوەختی دەستگیرکردن و کۆتایی سەردەمێک
رۆژی شەممە 3-1-2026، دوای زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز لەنێو جەرگەی کاراکاسی پایتەخت، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانییان بگەنە شوێنی حەشارگەی مادورۆ.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی، "ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و تێیدا سەرکردەکەی، سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و برانە دەرەوەی وڵات."
وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە "بە پشتبەستن بە هێزی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە."
راگەیاندنەکەی ترەمپ دوای چەند کاژێرێکی پڕ لە گرژی و نادڵنیایی هات کە تێیدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی هەژاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی کاژێر 02:00 بە کاتی ناوخۆ واتە 09:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی سووڕاونەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتوواندا دروستکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند کە جگە لە کاراکاس، دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلاریش کراونەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ