وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا بڵاوەپێکردنی سوپای لە وڵاتەکەی راگەیاند

دوێنێ کاژێر 03:11
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤلادیمیر لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا، بڵاوەپێکردنی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکا هات بۆ سەر شاری کاراکاسی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی ڤەنزوێلا.
 
وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، داوای پێکهێنانی "بەرەیەکی یەکگرتووی بەرگری" کردووە لە بەرامبەر ئەوەی بە "خراپترین دەستدرێژی" بۆسەر مێژووی ڤەنزوێلا ناوی برد. 
 
پادرینۆ لۆپێز گوتی، هەموو یەکە سەربازییەکان بەپێی "فەرمانەکانی مادورۆ" دەستبەکار بوون، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەو هەواڵانە نەدا کە باس لە دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن.
 
وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا رایگەیاند، "ئەوان هێرشیان کردووەتە سەرمان، بەڵام ناتوانن زاڵ بن بەسەرماندا." هەروەها داوای لە هاووڵاتییان و سەربازان کرد هێمن بن و یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.
 
لە هەمان کاتدا، هۆشداریی دا لە دروستبوونی پشێوی و بێسەروبەری لە نێوخۆی وڵاتدا و گوتی، "با خۆمان رادەستی ئەو ترس و دڵەراوکێیە نەکەین کە دووژمن دەیەوێت لە ناومان بڵاویبکاتەوە."
 
حکومەتی ڤەنزوێلا باری نائاسایی راگەیاندووە. ئەم بڕیارە دەسەڵاتی فراوان دەداتە سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخ و پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکان. 
 
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لانیکەم 7 تەقینەوەی بەهێز شاری کاراکاسیان هەژاند و فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بە ئاسمانی پایتەختدا دەفڕین.
 
دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی توانیویانە نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی لە  کاراکاس دەستگیر بکەن و بیانبەنە دەرەوەی وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دوای دەستگیرکردنی

سیخوڕی سی ئای ئەی لەنێو ماڵەکەی مادورۆ؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی مادورۆ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خۆی و ئەندامە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی لە یانەی کۆشکی مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا راستەوخۆ تەماشای هێرشەکەی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکا، ناسراو بە "دێلتا فۆرس"یان، دەکرد کە تێیدا سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد